سەردێڕ:

باڵیۆزی ئەمریکا: جەخت لە سەرخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان دەکەینەوە

PM:11:42:28/09/2021

3336 جار خوێندراوەتەوە

راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق و باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا، جەخت لەسەر سەرخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردنەکان دەکەنەوە، ئەوەش بە ئامانجی بەدیھێنانی خواستی سەرجەم عێراقییەکان.


نوسینگەی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە راگەیەنراوێکدا رایگەیاندووە، قاسم ئەعرەجی پێشوازی لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمریکا لە بەغدا کردووە.

ئاماژەی بەوەشکردوە، قاسم ئەعرەجی و ماتیۆ تولەر پتەوترکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان ھەردوو وڵات، ھەڵبژاردنەکانی داھاتووی عێراق و دۆسیەی ئاوارەکانیان تاوتوێ کردوە.

باس لەوەشکراوە، کە لە بەشێکی دیدارەکەدا، بەردەوامی پاڵپشتییەکانی ئەمریکا بۆ حکومەتی عێراق لە بواری بنبڕکردنی "تیرۆر" و پتەوترکردنی ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە تاوتوێ کراوە.


بڕیارە لە رۆژی ١٠ تشرینی دووەمی ئەمساڵدا، هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت و تیایدا، هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد دەکەنەوە.

رۆژی یەکشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی کۆمیسیارانی عێراق رایگەیاند، "حکومەتی عێراق بڕە پارەیەک بۆ هەر دەنگدەرێک تەرخان دەکات ئەگەر کارتە ئەلیکرۆنییەکەی دەنگدانی وەربگرێتەوە بۆ ئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنەکەدا بکات."

کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بڕی ئەو پاداشتەی دیاریکرد کە دەدرێت بەو کەسانەی کارتی دەنگدان وەردەگرنەوە، کە بڕی ١٠ هەزار دینار کارتی مۆبایلە.













گەلەری