سەردێڕ:

پلانێکی نوێ تایبەت بە کشتوکاڵی هەرێم و عێراق

PM:07:12:26/09/2021

5876 جار خوێندراوەتەوە

ئاژانسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID) و دەزگای تۆپ ماونتن (Top Mountain) پڕۆگرامێکی یەك ملیۆن دۆلاری دەخەنەگەڕ بۆ پەرەپێدان لە بواری کشتوکاڵیدا لە هەرێمی کوردستانی عێراق.


لە راگەیاندراوێکدا ئاژانسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID) و دەزگای تۆپ ماونتن لەسەر بەگەڕخستنی پڕۆگرامی وەبەرهێنان و پەرەپێدان لە کەرتی کشتوکاڵیدا لە هەرێمی کوردستان ئاماژەیان بە پلانێکی نوێ بۆ کەرتی کشتوکاڵی هەرێم کردووە و تیایادا هاتووە، پڕۆگرامەکە یەك ملیۆن دۆلاریی و ١٢ مانگیە و ئامانج لێی زیادکردنی توانای پێشبڕکێکردنی بەرهەمە کشتوکاڵییەکانی ناوخۆی عێراقە.

لە راگەیاندراوەکە هاتووە، پرۆگرامەکە لە ڕێی بەخشینی دارایی لە شێوەی ئامێر و خزمەتگوزاری و برەودان بە ویستی بەکارهێنانی بەرهەمی خۆماڵی دەبێت، لەرێگای دروستکردنی پەیوەندی لە نێوان لایەنەکانی بازاڕی بەرهەمە کشتوکاڵییەکان و ئاسانکاریکردن بۆ کاری هاوبەش لە نێوان کەرتی گشتی و کەرتی تایبەتدا.

راگەیاندراوەکە باس لەوەدەکات، دەتوانرێت ئوميدی زۆر لەسەر کەرتی کشتوکاڵ لە عێراق هەڵبچنرێت بۆ هەمەچەشنکردنی ئابوری و رەخساندنی هەلی کار.

لە باسی خاکی عێراقیشدا هاتووە، "سەرەڕای ئەوەی خاکەکەی دەوڵەمەندە و سەرچاوەی ئاوی پێویستی هەیە، بەڵام هێشتا هەرێمی کوردستان لەم ڕووەوە گەشەی تەواوی بەخۆوە نەبینیوە ئەویش بەهۆی کەمی وەبەرهێنان لە تەکنەلۆجیای نوێ و شێوازی ئیدارەدانی بەسەرچوو و پڕۆسێسێکی لاوازی بە بازاڕکردن کە دەبێتە هۆی بەفیڕۆچوونی بەرهەمی زۆر و پێشبینینەکردنی بڕی بەرهەم و بەرز و نزمی لە نرخدا. لەبەر ئەمەیە هێشتا عێراق هاوردەکاری خۆراکی ئامادەکراوە کە بووەتە هۆی نەهێشتنی دەرفەتی ئابوری گرنگ و بەرچاو و مەترسیشە بۆ سەر ئاسایشی خۆراك."

ئەوەش خراوەتەڕوو، "پرۆگرامەکە دەبێتە هۆی پاڵپشتیکردن لە پڕۆژەی بازرگانی زۆر بچوك و بچوك و مامناوەند و بزنسی تازە دامەزراوی بواری کشتوکاڵ و کەرتی بازرگانی تایبەت بە بواری کشتوکاڵ لە هەرێمی کوردستان و ڕێکخستنی زنجیرەیەك ئیڤێنت و چالاکی و بەم هۆیەشەوە خوازیارانی بوارەکە لە کەرتی ‌حکومی و تایبەت پێکەوە گرێدەدات و بەرهەمە خۆماڵیەکان تیایاندا دەخرێنە ڕوو و لە ڕێیانەوە برەودەدرێت بە بەکارهێنان و وەبەرهێنان لە بەرهەمی خۆماڵیدا."

ئاژانسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بۆ پەرەپێدانی نێودەوڵەتی (USAID) ئاژانسی پێشەنگە لە بواری پەرەپێدان و لایەنێکی کارای هێنانە کایەی ئەو ئامانجانەی لە بواری پەرەپێداندا دەبینێرێن.

هاوکات، تۆپ ماونتن دامەزراوەیەکی ڕاوێژکاریە لە عێراق و کار لەسەر گەڕاندنەوەی سەقامگیری و پەرەپێدانی ئابوری و برەودان بە ڕەخساندنی هەلی کار و هەوڵە کارسازیەکان دەکات.













گەلەری