سەردێڕ:

عێراق چی دەکات بۆ گەڕاندنەوەی ئەو ٥٠٠ ملیار دۆلارەی بە نایاسایی بردراوەتە دەرەوە؟

AM:10:09:26/09/2021

5836 جار خوێندراوەتەوە

عێراق تەواوی ھەوڵە ناوخۆیی و نێودەوڵەتییەکانی خستوەتەگەڕ بۆ گەڕاندنەوەی ٥٠٠ ملیار دۆلار کە بەنایاسایی بردراوەتە دەرەوە. راوێژکارێکی دارایش دەڵێت، "بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارەیە پێویستی بە ھەماھەنگی نێودەوڵەتی و ھەروەھا چاودێری یاسایی و ھونەری ھەیە".


لەدوای روخانی رژێمی سەدام حسێنەوە لەساڵی ٢٠٠٣ەوە، لەئاکامی بەفیڕۆدانی سەروەت و سامانی عێراق لە پرۆژەی وەھمی و خراپ ئیدارەداندا، بڕە پارەیەکی زۆر لە سەروەت و سامانی عێراقییەکان بە فیڕۆدراوە و جگە لەوەش، ئەو بڕە پارەیەی کە بەنایاسایی بردراوەتە دەرەوەی عێراق بە ٣٥٠ بۆ ٥٠٠ ملیار دۆلار مەزەندە دەکرێت.
مەزھەر ساڵح راوێژکاری دارایی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، بردنەدەرەوەی داھاتەکانی عێراق دۆسییەکی روونە و پێویستی بە ھەماھەنگی نێودەوڵەتی و ھەروەھا چاودێری یاسایی و ھونەری ھەیە. 
ئەو راوێژکارەی مستەفا کازمی ئاماژەی بەوەشکردووە، عێراق لەماوەی سێ دەیەی رابردوودا، بەرێژەیەکی بەرچاو سەروەت و سامانی گشتی لەرێگای نایاساییەوە بەھەدەردراوە و پێویستە لە بڕیار بەدەستانی بەغدا ھەموو ھەوڵەکانیان یەک بخەن لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە لەرێگای لیژنەی ھاوبەشەوە بۆ گەڕاندنەوەی ئەو پارە دزراوانە. 
لەمیانەی پێشکەشکردنی وتەیەکیشیدا، بەرھەم ساڵح سەرۆککۆماری عێراق لە کۆبوونەوەی خولی ٧٦ەمینی ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان رایگەیاند، "مەترسییەکانی گەندەڵی ھیچی لە مەترسییەکانی تیرۆر و توندوتیژی کەمتر نییە". 
لەمانگی ئایاری ئەمساڵیشدا، سەرۆککۆماری عێراق پرۆژە یاسایەکی بۆ ئەنجومەنی گشتی نەتەوەیەکگرتووەکان پێشنیازکرد، ئامانج لێی گەڕاندنەوەی ئەو پارە و ماڵە دزراوانەیە کە بەنایاسایی و لەرێگای گەندەڵییەوە بردراونەتە دەرەوە، ھەر ئەوکاتیش بەرھەم ساڵ ئاماژەی بەوەکرد، "لەریگای گەندەڵی و بەنایاسایی نزیکەی ١٥٠ ملیاردۆلار لە سامانی گشتی عێراق بردراوەتە دەرەوە".












گەلەری