سەردێڕ:

سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ: ئەمشەو کلیچدار ئۆغڵۆ وەک ١٣یەم سەرۆکی تورکیا رادەگەیەنین

PM:09:26:14/05/2023

2868 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ رایگەیاند، ئەوان ئەمشەو کەمال کلیچدار ئۆغڵۆ وەکو سیانزەیەم سەرۆککۆماری تورکیا رادەگەیەنن، وتیشی، ئەو زیاتر لەو دەنگانەی بەدەستهێناوە کە بڵاوکراونەتەوە.


ئەمڕۆ یەکشەممە، ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆ سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا رایگەیاند، "داوا لە هاوڵاتییەکانمان دەکەم باوەڕ بەو ئەنجامانە نەکەن کە لەلایەن میدیاکانی دەسەڵاتەوە بڵاودەکرێنەوە."

ئەکرەم ئیمام ئۆغڵۆ باسی لەوەشکرد، ئەوان لە هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠١٥ دا، بەهەمان شێوە ژمارەیەکی هەڵەیان بۆ ئەردۆغان دیاریکردبوو، بەڵام پاش دوو کاتژمێر ژمارەکان گۆڕدران بۆ ژمارە راستیەکان.

سەرۆکی شارەوانی ئەستەنبوڵ راشیگەیاند، ئەگەر سەیری ئەنجامە بەراییەکانی میدیاکانی دەسەڵات بکەین دەبینین لە سەرەتادا بە رێژەیەکی زۆر ئەردۆغان لە پێش کەمال کلیچدار ئۆغڵۆوە بوو، بەڵام ئێستا نزیکەی ٪١٥ دەنگەکانی لەدەستداوە.

ئەوەشی خستەڕوو، "ئەمشەو ئێمە ناهێڵین کەس دڵگران بێت، ئەوانەی چوونەتە سەر سندوقەکانی دەنگدان قارەمانی دیموکراسین، ئێمە داکۆکی لە دەنگی هەر دەنگدەرێکی خۆمان دەکەین و ناهێڵین دەنگەکانیان بەهەدەر بچێت."

لەلایەکی دیکەشەوە سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە باسی لەوەکرد، "باوەڕ بە داتاکانی ئاژانسی ئانادۆڵو مەکەن، هەڵبژاردنی ٢٠١٩ لەبیر مەکەن ئەوانەی لەبیریان ماوە، ئەوانەشی لەبیریان نییە تکایە پێیان بڵێن."

لە کاتژمێر ٥ی ئێوارەی ئەمڕۆ پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمان و سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا کۆتایی پێهات و راستەوخۆش دەستکرا بە جیاکردنەوەی دەنگەکان.













گەلەری