سەردێڕ:

لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی دۆلار بە دینار ناگۆڕدرێتەوە

PM:10:46:20/03/2023

6856 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی لە سلێمانی ئەو گەشتیارانەی دەچنە فرۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی، هاوشێوەی فڕۆکەخانەکانی دیکە دۆلار بە دینار بە نرخی ١٣٢ هەزار دینار ناگۆڕدرێتەوە.


هەر بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، ئەمڕۆ لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە گەشتیارەکانیان وتووە لە فڕۆکەخانەی سلێمانی دۆلار بەدینار ناگۆڕنەوە و شتێکی لەو جۆرە بوونی نییە.

هاوکات، دانا محەمەد بەڕێوەبەری پەیوەندییەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، پرۆسەی گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار بە نرخی ١٣٢ هەزار دینار بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک، نزیکەی ١٥ رۆژە راگیراوە.

ئاماژەی بەوەشدا، راگرتنی پڕۆسەی گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار هیچ پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە، چونکە فڕۆکەخانە تەنها کارئاسانی بۆ پرۆسەکە دەکات وەک دابینکردنی شوێن و جێبەجێکردنی میکانیزمەکان.

وتیشی، پێدانی پارە و گۆڕینەوەی دۆلار بە دینار پەیوەندی بە بانکی بازرگانی عێراقەوە هەیە و ئەوان زانیاری زیاتریان لایە لەبارەی هۆکاری راگرتنی پرۆسەکەوە.

هەروەها، چاوگێک لە فڕۆکەخانەی هەولێر بە دیجیتاڵ میدیای ئێن ئاڕ تی راگەیاند، لە فڕۆکەخانەی هەولێری نێودەوڵەتی تا ئێستاش گۆڕینەوەی دینار بە دۆلار بە نرخی ١٣٢ هەزار دینار بۆ هەر ١٠٠ دۆلارێک بۆ گەشتیاران بەردەوامە و هەر گەشتیارێک دەتوانێت بڕی دوو هەزار دۆلار بگۆڕێتەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، لەماوەی رابردوودا بەهۆی بەرزبونەوەی نرخی دۆلار بەشێوەیەک کە بەهای هەر ١٠٠ دۆلارێک ١٧٠ هەزار دیناری تێپەڕاند، بانکی ناوەندی عێراق بە مەبەستی سەقامگیرکردنی نرخی دۆلار بڕیاریدا لە سەرجەم فڕۆکەخانەکانی عێراق بە هەرێمیشەوە هەموو گەشتیارێکی عێراقی دەتوانێت بڕی دوو هەزار دۆلار بە نرخی ١٣٢ هەزار دینار لە فڕۆکەخانە بکڕێت.


کـ - ئـ












گەلەری