سەردێڕ:

لە شاری هەولێر هێزە ئەمنییەکان رێگری لە خۆپیشاندان دژی هێرشەکانی تورکیا دەکەن

PM:05:16:22/07/2022

8260 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی، لە شاری هەولێر هێزە ئەمنییەکان رێگری دەکەن هاوڵاتییان لە پارکی شانەدەر دژی هێرشەکانی تورکیا خۆپیشاندانب کەن.


جیهاد وەیسی پەیامنێری ئەێن ئاڕ تی لە هەولێر ئاماژەی بەوەدا، بڕیاربوو ئەمڕۆ کاتژمێر ٥ی ئێوارە هاوڵاتییان لە پارکی شانەدەر لە شاری هەولێر دژی هێرشەکانی تورکیا خۆپیشاندان بکەن.

ئەوەشی خستەڕوو، هێزێکی ئەمنی زۆر لەبەردەم پارکی شاندەر جێگیراوە و رێگە نادەن هیچ هاوڵاتییەک خۆپیشاندان بکەن.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوەشکرد، هێزە ئەمنییەکان تەنانەت رێگری دەکەن کەناڵەکان رووماڵی خۆپیشاندانەکە بکەن و کامێرایان لەچەند میدیاکارێک سەندووە.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئەوەشی خستەڕوو، تەنانەت هێزە ئەمنییەکان ئەمڕۆ رێگەنادەن هاوڵاتییان هاوشێوەی رۆژانی ئاسایی بۆ پشودان سەردانی پارکی شانەدەر بکەن.

هاوڵاتییەک بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، بەنیازی کات بەسەربردن رووی لەپارکەکە کردووە بەڵام هێزە ئەمنییەکان پێیان وتووە ئەمڕۆ پارک داخراوە و رێگە بە ەکسنادرێت بۆ پشودانیش سەردانی پارکەکە بکەن.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئەمڕۆشبەڕێوەبەری ناحیەی دەرکار لە لێدوانێکدا بۆ ئێن ئاڕ تی رایگەیاند، سوپای تورکیا بە تۆپ و دۆشکە شاخەکانی دەوروبەری پەرەخێی بۆردوومانکردووە.

چوارشەممەی رابردووش، تورکیا لە رێگای فڕۆکەوە بۆردومانی سەیرانگای پەرەخێی سەر بە زاخۆی کرد و بەهۆیەوە نۆ کەس گیانیان لەدەستدا و ٢٥ کەسی دیکەش برینداربوون، کە زۆرینەیان گەشتیاری عەرەب بوون و بۆ گەشت روویان لەو ناوچەیە کردبوو. بۆردومانەکەی تورکیا ناڕەزایەتی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بەدوای خۆیدا هێنا و ماوەی دوو رۆژیشە لە دوای هێرشەکەوە خۆپیشاندانی فراوان لە شارە جیاوازەکانی عێراقدا بەڕێوەدەچێت.

خۆپیشاندەران نوسینگەی پێدانی ڤیزای ئەو وڵاتەیان لە چەند شارێکی عێراقدا داخستووە و باڵیۆزخانەی تورکیاشیان لە بەغدا داخستووە و ئاڵای تورکیایان لەسەر باڵیۆزخانەکە هێناوەتە خوارەوە.


 















گەلەری