سەردێڕ:

زانیاری نوێ لەبارەی خۆپیشاندانی کوردانی نیشتەجێبووی بەریتانیا دژی سەردانەکەی سەرۆکی حکومەتی هەرێم

PM:02:07:20/04/2022

14000 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی بەشێک لە خۆپیشاندەران دژی فرۆشتنی نەوت و غاز بە وڵاتانی ئەوروپا لە رێگەی تورکیاوە خۆپیشاندانیان کردووە.


ئەمڕۆ چوارشەممە، ژیان عەلی پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەدا، بەشێک لە خۆپیشاندەران دژی فرۆشتنی نەوت و غاز بە وڵاتانی ئەوروپا لە رێگەی تورکیاوە خۆپیشاندانیان کردووە.

ئەوەشی خستەڕوو، خۆپیشاندەران هێلکەیان لە کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم و ئۆتۆمبێلی میوانە بیانییەکانیش گرتووە.

وتیشی، خۆپیشاندەران دەیانەوێت دەنگی ناڕازییان بگەیەننە حکومەتی بەریتانیا.

ژیان عەلی باسی لەوەشکرد، خۆپیشاندەران ناڕازین لە فرۆشتنی نەوت و غازی هەرێم بە وڵاتانی ئەوروپا و تورکیا لەکاتێکدا هاوڵاتییانی کورد لە هەرێم نەوت و غاز و سوتەمەنییان نییە و بەهۆی غازی خەڵوزەوە خەڵک دەمرێت.

پەیامنێری ئێن ئاڕ تی ئاماژەی بەوەشدا، خۆپیشاندانەکە کاریگەری خۆی دەبێت، چونکە میوانەکان پرسیویانە هۆکاری سازکردنی خۆپیشاندانەکە چییە و خۆپیشاندەران چ داوکارییەکان هەیە؟

وتیشی، ئەمە یەکەمجارە لە بەردەم باڵەخانەی ئینستیتیوتی چاتام هاوس و لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆنگرەیەکی نێودەوڵەتی خۆپیشاندانێکی لەو جۆرە دروستبێت و ئەمەش بۆتە جێی پرسیار لەلای بەریتانییەکان.

ئەمڕۆ لەکاتی تێپەڕبوونی کاروانی ئۆتۆبمێلەکانی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیان کوردانی نیشتەجێبووی ئەو وڵاتە خۆپیشاندانیان لەبەردەم باڵەخانەی ئینستیتیوتی چاتام هاوس سازکرد و کاروانی ئۆتۆمبێلەکانی سەرۆکی حکومەتیان هیڵکە باران کرد.

خۆپیشاندەران چەندین دروشمی جیاوازیان لە کاتی خۆپیشاندانەکان وتەوە لە دیارترینیان "بڕۆخێ دز" بوو.

لەبەشێکی دیکەی دروشمەکانیاندا خۆپیشاندەران لەبارەی دۆسیەی زیندانیکراوانی بادینان و ئازادی رادەربڕینەوە دروشمیان دەوتەوە.













گەلەری