بەڕێوەبەری کەشناسی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، ھەفتەی داھاتووەوە ئەگەر گۆرانكاری دروست نەبێت شەپۆلێكی بارانبارین ناوچەكە دەگرێتەوە. کەشناسی عێراقیش رایگەیاند، لەسەرەتای هەفتەی داهاتووەوە خۆڵبارین کۆتایی پێدێت.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئاسۆ كەمال بەرێوەبەری كەشناسی سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی راگەیاند، "ئەو خۆڵبارینەی ناوەراست و باشوری عێراقی گرتووەتەوە كاریگەری لەسەر ناوچەكانی ئێمە لاواز دەبێت، بەڵام پێشبینی دەكرێت تا دوو رۆژی داھاتوو تەپوتۆز و خۆڵبارینی كەم بەردەوام بێت".
ئاماژەی بەوەشدا، لەكاتەكانی شەودا ئەگەری بارانبارین ھەیە بۆ ئەمرۆ
و لە ھەفتەی داھاتووەوە ئەگەر گۆرانكاری دروست نەبێت شەپۆلێكی بارانبارین
ناوچەكە دەگرێتەوە.
ئاسۆ كەمال وتیشی، پلەكانی گەرما بەرزبوونەتەوە و چاوەڕواندەكرێت
ھەفتەی داھاتوو بەرزتر ببنەوە.
هەروەها، هەر ئەمڕۆ، دەستەی گشتی
کەشناسی عێراق راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، لە
دوێنێ سێشەممەوە خوڵبارین ناوچەکانی هەرێم و ناوەڕاست و باشوری عێراقی گرتووەتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، ئەمڕۆ چوارشەممە خوڵبارینەکە بەچڕی ئەو ناوچانەی
گرتووەتەوە کە تا دێت زیاد دەکات و مەودای بینین کەمبووەتەوە.
راگەیەنراوەکەی دەستەی گشتی کەشناسی عێراق ئاماژەی بەوەشداوە، پێشبینی دەکرێت
سەرەتای ھەفتەی داھاتوو کەشوھەوا لە عێراق ئاسایی بێتەوە و خۆڵبارین کۆتایی پێبێت.
هاوکات، بەڕێوەبەرایەتی گشتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم
راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تیایدا هاتووە، ئەمڕۆ ئاسمانی هەرێم هەوری تەواو دەبێت
لەگەڵ بوونی تۆزێکی سوک و خێرای با لەهەندێک کاتدا. دەشڵێت، لەناوچە شاخاوییەکان و
شوێنی جیاواز و کاتی جیاواز نمەباران دەبارێت.
ئاماژەی بەوەشداوە، سبەینێ ئاسمانی هەرێم ساماڵ و لەهەندێ ناوچە پەڵەهەور
دەبێت لەگەڵ بوونی تۆزێکی سوک.
گۆران لوقمان - سلێمانی