سەردێڕ:

هۆکاری خۆڵبارین چییە و بۆچی لەم چەند ساڵەدا کاریگەرییەکانی زیادبوون؟

AM:08:36:20/04/2022

5884 جار خوێندراوەتەوە

کاریگەرییەکانی خۆڵبارین لەماوەی ئەم چەند ساڵەی کۆتاییدا لەسەر عێراق و هەرێمی کوردستان زیاتر بووە و چەند پسپۆڕێکیش باسیان لەوەکردووە، دروستکردنی بەنداوەکان لە ئێران و تورکیا لەسەر سەرچاوەکانی ئاوی عێراق و هەرێمی کوردستان وای کردووە وشکەساڵی و دیاردەی بەبیابانبوون لە عێراقدا زیادبکات.


ئاژانسی دەنگی ئەمریکا بڵاویکردەوە، بەناوی "خۆڵبارین، لێکەوتە و چارەسەر" فەرمانگەی ژینگەی هەڵەبجە و کۆلێجی تەکنیکی زانستە پراکتیکییەکانی هەڵەبجە بە بەشداری چەند مامۆستایەکی پسپۆڕ پانێڵێکی زانستییان لەسەر هۆکارەکانی زیادبوونی دیاردەی خۆڵبارین لە هەرێم و هۆکارەکانی لە عێراق شاری هەڵەبجە رێکخست.

کارزان عەبدوڵا راگری کۆلێجی تەکنیکی زانستە پراکتیکییەکانی هەڵەبجە رایگەیاند، "سەرچاوە ئاوییەکان کە لە ئێران و تورکیاوە دێنە عێراق بەبێ رەچاوکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان رێژەی ئەو ئاوەیان بۆ عێراق کەم کردوەتەوە و دیاردەی بە بیابانبوون لە عێراق زیادی کردووە، ئەمەش وایکردووە ساڵ بە ساڵ رێژەی خۆڵبارین زیاتر بێت."

لای خۆشییەوە، عوسمان عبدولرحمان کە یەکێک بووە لە پانێڵستەکان ئاماژەی بەوەکرد، "خۆڵبارین بووەتە دیاردە و کاریگەری لەسەر زەوی و مرۆڤیش هەیە، کە دەکرێت نەخۆشیەکان بگوازێتەوە یان دروستیان بکات لە جەستەدا، ئەوەی کە هۆکاری زیاد بوونیەتی وشکەساڵی کاریگەری هەیە لەسەر کەم بوونەوەی شێ و زیاد بوونی وشکانی."

ئەوەشخراوەتەڕوو، بەگوێرەی توێژینەوەکان دیاردەی خۆڵبارینی چڕ ساڵ بە ساڵ لە عێراق و هەرێمی کوردستان زیاد دەکات، کاریگەریەکانی هێندە زیادیان کردووە، لە هەفتەکانی رابردوودا لە پارێزگاکانی هەرێم و کەرکوک زیاتر لە هەزار هاووڵاتی بەهۆی خۆڵبارینەوە سەردانی نەخۆشخانەی فریاکەوتنیان کردبوو، ناوەندە کەشناسییەکان لە هەرێم ئاماژە بەوە دەکەن، لە چەند رۆژی داهاتوودا جارێکی دیکە شەپۆلێکی دیکەی خۆڵبارین روو لە هەرێمی کوردستان دەکات.













گەلەری