PM:04:24:21/11/2025
112 جار خوێندراوەتەوە
+
-
عەدنان دەرجال کۆبوونەوەیەکی پاش تیروپشکی
پاڵاوتنی مۆندیال ئەنجامداوە و ئامادەکارییەکان بۆ یارییە گرنگەکەیان دەستپێدەکەن.
عەدنان دەرجال، سەرۆکی یەکێتی تۆپی پێی عێراق،
دوای مەراسیمی تیروپشکی پاڵاوتنی مۆندیالی 2026 لە زیوریخ کۆبوونەوەیەکی نائاسایی
ئەنجامدا سەبارەت بە قۆناغی داهاتوویان لە گەیشتن بە مۆندیال و ئامادەکارییەکان بۆ
کۆتا یارییان لە قۆناغی پاشکۆ.
بەپێی تیروپشکەکە، هەڵبژاردەی عێراق ڕووبەڕووی
براوەی یارییەکەی نێوان بۆلیڤیا و سورینام دەبێتەوە و بەبردنەوەی ئەو یارییە
دەگاتە مۆندیال، فیدراسیۆنی تۆپی پێی عێراق لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا ڕایگەیاندووە:
عەدنان دەرجال، سەرۆکی فیدراسیۆنەکە کۆبوونەوەیەکی لەگەڵ بازنەی هەڵبژاردە
نیشتمانییەکان ئەنجامدا بۆ پێداچوونەوە بە پلانەکانی ئامادەکاری پێش دەستپێکردنی
یارییەکانی پاشکۆی مۆندیال.
دەرجال جەختی لەسەر ئەوەکردووەتەوە، یەکێتییەکە
پلانێکی تۆکمە بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی ئامادە دەکات بۆ ئەوەی خەونی ملیۆنان هاندەر
بێتە دی و تیپەکە بتوانێت بۆ جاری دووەم بگاتە مۆندیال.
هەروەها ئاماژەی بەوەشکردووە، یەکێتیەکە بە هەموو
توانای خۆیەوە هەوڵ دەدات ئەم خەونە گەورەیەی ساڵانێکە لە دڵی عێراقیەکاندا هەیە،
بکرێتە واقیع لە مۆندیالی 2026.
لەمبارەیەوە ماڵپەڕی وین وین بڵاویکردەوە، گراهام
ئارنۆڵد، ڕاهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە چەند ڕۆژی داهاتوودا دەگەڕێتەوە بەغدا بۆ
ئەنجامدانی زنجیرەیەک دیداری گرنگ لەگەڵ دەرجال، بڕیارە ئارنۆڵد لیستی ئەو هەڵبژاردانە
بخاتەڕوو کە ئارەزووی ئەنجامدانی یاریی دۆستانە دەکات لەگەڵیاندا تاوەکو بەباشترین
شێوە ئامادەبن، هەروەها باس لە بەرنامە و چۆنێتی دەستپێکردنەوەی مەشق و
راهێنانەکان دەکەن.