ئارنۆڵد: عێراق بە پەرۆشە بۆ گەیشتن بە جامی جیهانی

PM:02:40:21/11/2025

84 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئارنۆڵد دوپاتیکردەوە عێراق بە پەرۆشە بۆ گەیشتن بە جامی جیهانی و دیدگای دەرەوەش بۆ وڵاتەکە هەڵەیە.

گراهام ئارنۆڵدی راهێنەری هەڵبژاردەی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئەسۆشێتد پرێس رایگەیاند، عێراق بەپەرۆشترین هەڵبژاردەیە بۆ گەیشتن بە جامی جیهانی، یارییەکەی بەرامبەر ئیمارات زۆر قورس بووە و هەرگیز شەوێکی لەوجۆرەی ئەزموون نەکردووە لە کاروانی راهێنەرایەتیدا.

باسی لەوەشکرد، لە یارییەکەی ئیمارات فشارێکی زۆری لەسەر بووە، تەنانەت لەو فشارەش زیاتر بووە کە کاتێک لەگەڵ ئوسترالیا چوونەتە قۆناغی پاشکۆ لە ساڵی 2022، ئەمە لە کاتێکدا ئوسترالیا وڵاتی خۆیەتی و زۆری خۆشدەوێت.

وتیشی: لە ئێستادا کارێکم پێ سپێردراوە کە دەتوانێت تۆپی پێی وڵاتێک بگۆڕێت و بەڕاستی چێژی لێوەردەگرم، خەڵکی عێراق خەڵکانێکی باشن و زۆر بە پەرۆشن لە تۆپی پێدا، ئەوە دیدگایەی لە دەرەوە هەیە بۆ عێراق هەڵەیە و ئەو وڵاتە 10 ساڵە جەنگی تێپەڕاندووە.

جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، لە عێراق هەموو شتێک قەرەباڵغە و کەش و هەوا گەرمە بەڵام ئەوە هەرگیز بێزاری ناکات و بابەتێکی ئاساییە لەلای ئەو.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە یارییەکەی ئیمارات یاریزانەکانی لەژێر فشارێکی زۆردا بوونە و چاوەڕوانییەکی زۆریان لێکراوە، هەر ئەوەش وایکردووە چاوپێکەوتنی رۆژنامەوانیان لێ قەدەغە بکات و لە کۆتایشدا ئامانجەکەی خۆیان پێکاوە.