سەرۆکی ناپۆلی رووبەڕووی تۆمەتێکی جددی بووەتەوە

AM:10:52:21/11/2025

100 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دی لاورێنتسی سەرۆکی ناپۆلی تۆمەتبار کراوە بە ساختەکاری و ساڵی داهاتوو دادگایی دەکرێت.

ئۆریلیۆ دی لاورێنتسی سەرۆکی یانەی ناپۆلی ڕووبەڕووی یەکێک لە دۆسیە داراییە هەستیارەکانی تۆپی پێی ئیتاڵیا بووەتەوە؛ کەیسێک کە دوای چەند مانگێک لە لێکۆڵینەوە، بە دەرکردنی تۆمەتی فەرمی دەچێتە قۆناغی دادگاییکردنەوە.

دادگای ڕۆما وادەی دانیشتنەکەی لە دووی کانوونی دووەمی 2026 دیاری کردووە و دی لاورێنتسی لەگەڵ ئەندریا کیاڤێلی بەڕێوەبەری جێبەجێکاری یانەکە، ڕووبەڕووی تۆمەتێکی زۆر جددی بوونەتەوە، ئەویش ساختەکردنی باڵانس و دەستکاریکردنی حیساباتی داراییە.

لە تۆمەتبارکردنەکەدا کە لەلایەن دادوەرەوە پەسەندکراوە، باس لەوە دەکرێت کە ناپۆلی لە بەیاننامە داراییەکانیدا بۆ ساڵانی دارایی 2019 و 2020 و 2021 قازانجی وەبەرهێنانی وەهمیی بەکارهێناوە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی دەستکرد بەهای سەروەت و سامانی یانەکە بەرزبکاتەوە.

ناوەڕۆکی دۆسیەکە گواستنەوەی ڤیکتۆر ئۆسیمێنە لە هاوینی 2020 لە یانەی لیلەوە، لە ئێستادا ئەو بابەتە ژێر چاودێرییەکی چردایە، داواکاری گشتی پێی وایە ئەو سێ یاریزانە گەنجەی کە لە گواستنەوەکەدا جێکراونەتەوە بە نرخێکی کەم بەهایان دیاریکراوە.

دی لاورێنتس و کیاڤێلی بە توندی ڕەتیانکردەوە لە سەرەتای دەستپێکردنی لێکۆڵینەوەکانەوە هیچ هەڵەیەکیان ئەنجامدابێت، چەندین جار جەختیان لەسەر یەکپارچەیی و شەفافیەتی تەواوی سەرجەم کارە داراییەکان کردووەتەوە و ڕایانگەیاندووە، نابێت هاندەران نیگەران بن، چونکە هەژماری یانەکەیان پاک و خاوێنە.

بەڵام سەبارەت بە دۆسییەکە میدیاکانی ئیتاڵیا هەواڵێکی خۆشیان بە هاندەرانی ناپۆلی داوە و باس لەوە دەکەن، هەر دەرئەنجامیکی هەبێت زیان بە یانەکە ناگەیەنێت و بابەتەکە پەیوەندی بە سەرۆکی ناپۆلییەوە هەیە بە شێوەیەکی تایبەتی.