پاڵاوتنی گەیشتن بۆ مۆندیال.. عێراق لە ئیندونیسیای بردەوە

AM:01:25:12/10/2025

160 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە پاڵاوتنەکانی مۆندیال هەڵبژاردەی عێراق لە ئیندونیسیای بردەوە و نزیکبووەوە لە گەیشتن بە مۆندیال.

لە یارییەکی پاڵاوتنی هەڵبژاردەکانی ئاسیا بۆ گەیشتن بە جامی جیهانی 2026، هەڵبژاردەی عێراق رووبەرووی ئیندونیسیا بووەوە.

تایمی یەکەم، هەردوولا بە هاوسەنگی یارییان دەکرد و هیچکامیان مەترسی گەورەیان بۆسەر گۆڵی یەکتر دروستنەکرد، ئەو تایمەش بەبێ گۆڵ کۆتاییهات.

لە تایمی دووەم، گراهام ئارنۆڵد چەند گۆرانکارییەکی ئەنجامدا، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی شێرەکانی رافیدەین لە خولەکی 76 بە گۆڵێکی نایابی زیدان ئیقبال پێشبکەون، دوای ئەو گۆڵە هەردوولا چەند هەوڵێکی دیکەیان بۆ تۆماری گۆڵدا، بەڵام سەرکەوتوو نەبوون، لە بەرامبەردا چەند خولەکێک پێش فیکەی کۆتایی، زەید تەحسینی بەرگریکاری عێراق بەهۆی هەڵەیەکەوە دووەم کارتی زەردی بەروویدا بەرزکرایەوە و بە کارتی سور کرایە دەرەوە، بەڵام کارتە سورەکە کاریگەری لەسەر ئەنجامی کۆتایی نەبوو.

سەرەنجام یارییەکە بە تاکە گۆڵێک لە سودی عێراق کۆتاییهات، بەم ئەنجامە عێراق سێ خاڵی گرنگی کۆکردەوە و لە یاریی داهاتوو پێویستی بە بردنەوە هەیە بەرامبەر سعودیە بۆ ئەوەی راستەوخۆ بگاتە مۆندیال، لە ئەگەری هەر ئەنجامێکی دیکە هێشتا هەلی گەیشتنی بە پاڵەوانێتییەکەی دەمێنێت.

هەرچی هەڵبژاردەی ئیندونیسیایە بە فەرمی هەلی گەیشتن بە مۆندیالی لەدەستدا و نەیتوانی هیچ خاڵێک لەو قۆناغەدا کۆبکاتەوە.