تێنس.. باری و جۆکۆڤیج پارێزگارییان لە پێشەنگی ڕیزبەندی کرد

PM:03:11:04/10/2021

708 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە جیهانی تێنسی سەرزەوی ئاشلی باری و نۆڤاک جۆکۆڤیج پارێزگاریان لە پێشەنگی ڕیزبەندی کرد.

یەکێتى یاریزانە پیشەگەرەکانى تێنسی سەر زەوى ڕیزبەندی مانگانەى یاریزانانی بۆ ئاستی کچان و کوڕان بڵاوکردەوە، ئەوەى بەدی دەکرێت لەسەر ئاستی کچان چەند گۆڕانکارییەک ڕوویداوە و ناومى ئۆساکاى ژاپۆنی و یەکەمى ڕیزبەندی پێشووی جیهان پێنج پلە گەڕاوەتە دواوە و لە پلەی حەوتەمەوە گەڕاوەتەوە پلەی 12یەم.

لە پلەکانی یەکەم تا 10یەمی ڕیزبەندیش هەندێ گۆڕانکاری بەدی دەکرێت بە جۆرێک مۆگۆرۆزای ئیسپانی پاڵەوانی جامی شیکاگۆ، سێ پلە سەرکەوتووە و لە پلەى نۆیەمەوە چووەتە پلەى شەشەم و ساکاری یۆنانی و بیلیندای ئۆکرانی چوونەتە پلەکانی نۆیەم و 10یەمی ڕیزبەندی، لەسەر ئاستی یەکەم تا پێنجەمی ڕیزبەندیش هیچ گۆڕانکارییەک ڕووینەداوە ئاشلی باری ئوسترالی لە پێشەنگدایە.

لەسەر ئاستی کوڕانیش پلەکانی یەکەم تا 10یەمی ڕیزبەندی تەنها یەک گۆڕانکاری ڕوویداوە ئەویش سەرکەوتنی کاسپەر ڕوودە بۆ پلەى 10یەم دوای بەدەستهێنانی نازناوی سان دێگۆ و کەمکردنەوەى جیاوازی خاڵەکانی لەگەڵ فیدرێری نۆیەمی ڕیزبەندی بۆ 150 خاڵ، لوتکەى ڕیزبەندییەکەش لای جۆکۆڤیجی سڕبیە و پلەکانی دووەم تا نۆیەمیش بە جێگیری ماونەتەوە.