وەرچەرخانێکی ئەرێنی لەهەڵوێستی مەلا و بانگخوازاندا
PM:10:39:26/01/2026
372 جار خوێندراوەتەوە
گۆران هەڵەبجەیی
+
-
بەندە وەک کەسێکی سیکولار هەردەم بەرکەوتنم لەگەڵ پیاوانی ئاینی
و هەندێک گەنجانی پەرەوەردەی دەستی ئەو مەلایانە هەبووە.بەرکەوتنەکەم یا ڕەخنەکانم
لەسەر دوو ڕەهەند بووە، یەکەم ڕەهەندی نەتەوەییە،زۆرێک لەو مەلاو بانگخواز و
ئەندامانی حیزبە ئیسلامیەکان هەردەم
نەتەوەکەی خۆیان کردوەتە قوربانی ئاینەکەیان، بەجۆرێک کە دژی هەر شتێک بوون کە
پەیوەندی بەکوردەوە هەبێت، بەنمونەی نەورۆز، ناوی منداڵ ،سەیران ،گۆرانی، بەرگی
کوردی و زۆر شتی دیکە، ئەم بانگخوازانە {هەموویاننا} بەم تێڕوانینە دژەکەلتوور و نەتەوە، یەک دوو جیلیان پەروەردە کردوە کە زۆر لەخۆیان
تووندڕەوترن.
ڕەهەندی دووەم
بڵاوکردنەوەی خورافیاتە کە ئەمەش جۆرێکە لە گێل کردنی تاکی کوردو دوورخستنەوەی لە
دوونیای پێشکەوتن و زانست و مەدەنیەت.
بەندە وەک پرەنسیپ
هەرگییز دژی ئیمانداری نیم، بەمەرجێک ئەو
ئیمانداریە زیان نەگەیەنێت بە کۆمەڵگاو نەبێتە هۆی [قسەکردن و خۆهەڵقوڵتاندن لە ژیانی خەڵکدا].
ئاینداری پەیوەندیەکە
لەنێوان تاک و خودادا و دەبێت هەر لەو چوارچێوەیەشدا بمێنێتەوە، بەڵام نیشتمان بۆ
هەمووانەو پێویستە بەهەمووان داکۆمی لێ بکەین و بیپارێزین، ئیدی سەربە هەر حیزب و
ئاین و مەزهەب و ئایدۆلۆجیا بین.
ئەم دۆخە پڕ تراژیدیایەی
کە لەڕۆئاوا لەئارادایە هەموومانی خەفەتبارکردەوە و لەدۆخێکی دەروونی خراپدا
دەژین. زۆربەی کورد لە پارچەکانی کوردستان و جیهاندا بەیەک دەنگ هاوار
بۆڕۆژئاوا دەکەن، بەم سەرمایە شەوڕۆژ
لەشەقامەکانن، بۆیە وەک ئەرکێکی نیشتمانی و ئینسانی پێویستە سەرجەم کۆمەڵ و
توێژەکانی خەڵک بەشداری تێدابکەن.
ئەوەی جێگەی سەرنجە و
هاوکات شایانی شتایس و دەستخۆشیە بەشداری گەرمی توێژی ئاینیە لە مەلاو بانگخواز و
ئیمانداری ئاساییی. جاران زۆربەی ئەم
مەلاو بانگخوازانە ڕۆڵی نەگەتیڤیان هەبوو دەربارەی هەر ڕوداوێکی سیاسی نەتەوەیی، کورد
واتەنی گەر دژنەبوونایە ئەوە بێدەنگیان هەڵدەبژارد بەبەهانەی ئەوەی ئەوان
موداخەلەی سیاسەت ناکەن.
پێشتر کێشە لەوەدا بوو
ئەم توێژە واتێگەشتبوون گەر داکۆکی لە نەتەوەکەیان بکەن ئیمانیان لاواز
دەبێت،بەڵام بۆیان دەرکەوت کەوانیە.زۆر جار گووتراوەو دەگووترێت و هەروایشە کە
ئیمانداری مسوڵمانانی کورد زۆر لەهی نەتەوەکانی دەوروبەرمان پاکترو
بەهێزترە،هەربۆیەش دەمێک سومبوڵەکانی ئیسلامی سەربەنەتەوەکانی دیکە بەتایبەتی تورک
و عەرەب گەر هێرشیان کردبێتە سەرکورد ،ئەم مەلا کوردانە بەبەهانەی پاراستنی یەک
ڕێزی مسوڵمانان بەرسیڤیان نەبووە.
لە مێژووی کۆن و نوێی
تورکدا هەرگیز ڕووینەداوە مەلایەکی تورک دژی نەتەوەکەی خۆی هەڵوێست بنوێنێت، بەڵکو
دەمێک مەسەلە پەیوەندی بە خاک و وڵات و نیشتمانەوە بێت، ئیدی ئەم مەلا
تورکانە لە باخچەلی ڕەگەزپەرستتر دەبن. گەر لەیادتان بێت لەدەمی داگیرکردنی
عەفریندا لەهەزارەها مزگەوتی تورکیاوە دوعای سەرکەوتنیان بۆسوپاکەی خۆیان
دەکرد،تەنانەت یەکێکیان پۆشاکی سەربازی لەبەرکردبوو لە نزیک بەرەکانی چەنگ دەیگووت
بەزەیتان بە مارمێلکەدا بێتەوە بەڵام بەزەیتان بەکوردا نەیەتەوە چونکە ئەوانە
کافرن.لەلای عەرەبەکانیشەوە وەزیری
ئەوقافی شەرع فەتوای جیهاد دەردەکات و ئەم
هێرشانەی دژی کورد ناودەنێت[فتوحات].
لەملاشەوە [یەکێتی
جیهانی زایانانی ئیسلام] کە سەرۆکەکەی
کوردێکی ناپاکە و فەرمانی قەتەرو ئەردۆغان جێبەجێ دەکات،دەبوو یەکەم کەس
ئەو ئیدانەی بکات بەڵام هیچ هەڵوێستی
نەبوو، بەمەش ڕسواییەکی بۆخۆی تۆمارکرد . هەزارەها بەناو عالمی ئیسلامی عەرەبی هەن یەکێکییان ویژدانی نەبزوا دژی ئەو فەتوایە قسەیەکی هەبێت،یەکێکیان نەهاتە
دەنگ و بە وەزیری ئەوقاف بڵێت [ بەپێی چ ئایەت و حەدیسێک تۆ فەتوا دژی میللەتێکی مسوڵمان
دەردەکەیت]؟کەواتە ئەوانیش هاودەنگن لەگەڵ وەزیریی ئەوقافی سووری. هەر لەم دۆخە
دژوارەدا مووفتی سوونەی عێراق دژی کۆکردنەوەی کۆمەکە بۆ ڕۆژئاوا لە هەندێک پارێزگای عێراق و لەوبارەوە هۆشداری داوە.
شتێکی گرنگ هەیە کە
گەرەکە مەلاو بانگخوازو مسوڵمانانی کورد بیزانن، ئەویش ئەوەیە کە چ لەکن مەلای تورک چ لەکن حیزبە
ئیسلامیەکانیان،هاوکات هەرچی سمبوڵ و ناوەندی ئیسلامی عەرەب و فارس هەیە لەکن
ئەمانە کورد یەک [پاکێجە]یانی تێکرا کورد بە ئاین، مەزهەب ئایدۆلۆجیا، چەپ،
نەتەوەیی، مسوڵمانی مولتەزم بە مەلاو بانگخوازو ئەندامانی حیزبە ئیسلامیەکانیشەوە، بە بێ باوەڕانەوە، هەموو بەیەک چاو
سەیردەکەن ئەویش کوردبوونەو بەس.
ئەم هەڵوێستە نوێیەی
ژمارەیەکی زۆر لەمەلاو بانگخوازی کورد وداکۆکیان لەمینبەرو سۆشیال میدیاوەلە مەزڵومیەتی نەتەوەکەیان، وەرچەرخانێکی مەزنەو بەرز دەینرخێنم،بەو هەڵوێستە پڕ جوامێرانەتان
سەلمانتان کەبەشێکی دانەبڕاون لەخەڵک ،جا تکایەهەرگیز ڕێگەمەدەن مەلای تورک و
عەرەب بەناوی ئاینەوە بمانچەوسێننەوە ، سوکایەتیمان پێ بکەن و بەکەممان بزانن.
لەپاڵ ئیمانداریەکەتاندا
نەتەوە ستەم لێکراوەکەی خۆتان لەیادبێیت
وداکۆکی لێبکەن.
راستە هێشتا هەندێک مەلا
خۆیان لەبەرەی دووژمندا دەبیننەوە، ئەوانە کەمینەن و لەلایەن خەڵکەوە بەنەفرەت
کراون.
دەستان خۆش ئەم هەڵوێستە
جوامێرەتان پیرۆزبێت