کەرکوک؛ ١٦ ئۆکتۆبەر و ئێستای پێش هەڵبژاردن
PM:05:04:20/10/2025
1264 جار خوێندراوەتەوە
دانا محەمەد
+
-
هەشت ساڵ بەسەر کارەساتی ١٦ـی ئۆکتۆبەر تێپەڕیوە، ئەو رۆژەی هەموو میللەتی
کورد لە هەموو سوچێکی ئەم دونیایەوە رەشی پۆشی، دوای چەندین ساڵ شەڕکردن و ڕژانی
خوێنی هەزاران گەنج و لاو و پیر و منداڵ و ژنی ئەم نیشتمانە، تەنها لە چەند کاتژمێرێکدا
کەرکوکی قودسی کوردستان و ٪٥١’ی خاکی کوردستان لەدەستدرا.
ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ چەند ساڵێک بەر لە رووداوەکانی ١٦ـی ئۆکتۆبەر،
دوای رووخانی دەسەڵاتی بەعس، کەرکوک بە موتڵەقی لەلایەن کورد ( پارتی و یەکێتی) بەڕێوە
دەبرا، ئەوکات خەڵکی هەموو کوردستان و بەتایبەت کەرکوکییەکان، هیوا و ئومێدی ئەوەیان
هەبوو کە جارێکی دیکە نابنەوە ژێردەستەی دەسەڵاتی داپڵۆسێنەری عەرەب، بەڵام هەر
زوو پارتی و یەکێتی بە جوتە و بە شەریکی و وەک دوو برا، لەبری کارکردن بۆ جێبەجێکردنی
مادەی ١٤٠ و بە فیعلی ناساندنی کەرکوک وەک شارێکی کوردستان، دەستیان کرد بە تاڵانکردنی
شارەکە، هەر لە داگیرکردنی هەزاران دۆنم زەویی گرانبەهای شارەکە و تاپۆکردنی لەسەر
خۆیان، تا دەگاتە دزینی نەوتە بیرە نەوتەکان و تاڵانفرۆشکردنی بۆ وڵاتان، خەڵکی کەرکوکیش
چاویان لە نەبوونی ئاو و کارەبا و رێگەوبان و خزمەتگوزاریی زەقەی دەهات!
کات هات و رۆیشت داعش سەری هەڵدا، بوونە هەڕەشەیەکی جددی لەسەر کەرکوک،
تا دواتر پێشمەرگە بەتەواوەتی سنووری ناو سەنتەری کەرکوک و تەواوی پارێزگاکەی
پاککردەوە لەو تیرۆریستانە، ئەویش بە خوێنی سەدان و هەزاران گەنج.
جارێکی دیکە کەرکوکییەکان دڵیان بۆ سەربەخۆیی لێی دەدا، بەڵام عەرەب و
فارس و تورک، چاویان بەوە هەڵنەهات، هەرسێ دووژمنە مێژوویەکەی کورد جارێکی دیکە بۆ
داپڵۆسینی کورد یەکیان گرتەوە، لەڕێگەی حەشدی وەحشی ( میلیشیاکانی ئێران لە عێراق)
بە تانک و تۆپ و گەلەگورگەکەیانەوە بەڕێ کەوتن بەرەو کەرکوک، ئەو کەرکوکەی کە داعش
تۆپ تۆپێنی پێ دەکردن تیایدا! ئەوکات هەموو تاکێکی کورد هیوای بە هێزی پێشمەرگە
بوو بۆ بەرگریکردن، بەوپێیەی پارتی و یەکێتی سەنگەرەکانه شارەکەیان بەدەستەوە بوو،
هەڕەشەی ئەوەشیان لە حەشد دەکرد کە خۆیان تاقی نەکەنەوە و هێرش نەکەن، چونکە بە
توندی رووبەڕوویان دەبنەوە.
بەڵام ئەوەی روویدا شتێکی دیکە بوو، پێش ئەوەی حەشد بگاتە کەرکوک،
پارتی و یەکێتی ژێربەژێر لە دووکان رێککەوتبوون، رێککەوتنی بەرگریکردن لە کەرکوک
نا! بەڵکوو فرۆشتنی و جێهێشتنی! هەر لەگەڵ دەستپێکی شەڕدا، یەکێتی لە شارەکە کشایەوە،
چەند پێشمەرگەیەکی داماوی خێرلەخۆنەدیویشیان لەدوای خۆیان بەناوی بەرگرییەوە جێهێشت
و بەکوشتیان دان! بافڵی کوڕی جەلال تاڵەبانیش ئەوکات هاتە سەر تەلەفزیۆن و بە دەنگێکی
دلێر و بێ ئەوەی زەڕڕەیەک شەرم و حەیای تیابێت وتی، بە بڕیاری زۆرینەی ئەندامانی سەرکردایەتی
یەکێتی بڕیاری فرۆشتنی کەرکوکیان داوە!
لەم نێوەندەشدا پارتی سواری شەپۆلەکە بوو، ئەویش کە سەنگەرەکانی رۆژئاوای
شارەکەی بەدەستەوە بوو، بەبێ تەقە و وەک پیشەی هەمیشەییان هەراتن! دەستە چەورەکەشیان
بە یەکێتی سڕی و وتیان یەکێتی کەرکوکی فرۆشت! ئەدی خارە، لۆ ئەنگۆ فیشەکەکتان نەتەقاند
لە کەرکوک!؟
١٦ـی ئۆکتۆبەر کارەساتێکە لە مێژووی کورددا کەموێنەیە،
دەیان هەزار کەس لە ترسی چنگی وەحشییەکان شار و ماڵی خۆیان جێهێشت! پارتی و یەکێتییش
وەک پیشەی هەمیشەییان، لەوکاتەی هەموو کورد و بەتایبەت کەرکوکییەکان پێویستیان پێیان
بوو، جارێکی دیکە جێیان هێشتن و تەنها بیریان لە خۆیان کردەوە، ئێستاش حەق وایە هەموو
کەرکوکییەکان بە یەک دەنگ، پارتی و یەکێتیش بەبێ جیاوازی شاربەدەر بکەن و جارێکی دیکە
چارەنووسی خۆیانیان نەدەنە دەست، چونکە ئەمجارەش وەک هەموو جارەکانی دیکە هەرزانفرۆشیان
دەکەن!