ئایا دووبارە دەبنەوە؟

PM:05:29:04/07/2023
2620 جار خوێندراوەتەوە
ئومێد محەمەد پیرۆت
+ -

کاتێک دەڵێین: ئەم یاریزان و ئەم ڕاهێنەر یان ناوبژیوان لە مێژوودا دووبارەبوونەوەیان نیە، دەبێت ئەوە بزانین، یان دەبێت عیلمی غەیبت هەبێت، یان دەبێت بۆ هەڵسەنگاندنەکەت مێژووی پێش ئەوانەی کە ئەو هەڵسەنگاندنەیان بۆدەکەی بیزانی کە لەپێش ئەوان باشتر هەبوون یان نا؟ ئەگەرنا تۆ زانیاریەک دەخەیتە بازاڕەکەوە کە تەنها بۆ گەرمکردنی دەنگۆکانەو هیچی تر..

بڕوانن کە تەماشای مێژووی مارادۆنا دەکەین، ئەوەی لە ڕابردوو ئەنجامی داوە، دەبینین لەدوای ئەوئەفسانەیە چەندان یاریزانی باش و ئاست بەرز هاتن و دەشڕۆن، بۆیە هیچ کەسێک گرەنتی ئەوەی لانیە کە ئەو یاریزانانە دووبارە دەبنەوە یان نا، هەربۆیە تا دەوران هەبێت و تۆپی پێ هەبێت، هەموو شتێک قابیلی دووبارە بوونەوەیە، جا چ بگاتە ئەوەی لەم وڵاتەی خۆمان.

زۆر جار گوێ بیست دەبین فڵان یاریزان یان فڵان ڕاهێنەر لە کوردستان دووبارە بوونەوەی نیە، ئاخر بۆ تەماشای مێژووی پێش ئەو یاریزان، یان ڕاهێنەر، یان تەنانەت ناوبژیوانیش ناکەین کە دەڵێین: دووبارە بوونەوەیان نیە، بزانین پێش ئەوان چەندان پاڵەوان هاتن و ڕۆیشتن، بۆپاڵەوانەکانتان لەبیرکرد کە دووبارەبوونەوەیان هەبوو؟ئەی چۆن ڕێگە بە خۆمان بدەین بڵێین: فڵان دووبارەبوونەوەی نیە؟ دڵنیابن لەهەموو کایەکان دووبارەبوونەوەی ئاست و تواناکان هەیەو زۆریش دووبارە دەبێتەوە، بەڵام زۆر جار ڕاگەیاندن چاوی لێدادەخات و چەندان یاریزانی باش لە جیهان و تەنانەت لەکوردستانیش کە پاڵەوان بوون، بوونەتە قوربانی ئەم جۆرە لە زوڵمکردنە کە لەلایەن ڕاگەیاندنەوە دەکرێت و، بەردەوام بەدرێژایی مێژووش دووبارە دەبێتەوە.