ئایا تۆپی پێ لە ڕابردودا زیاتر بەرگری بوە؟

PM:11:13:20/06/2023
2316 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد هێرۆیی
+ -

پێشەکی کاتێک گوێ بیستی قسەیەکی لەو جۆرە دەبین دەبێ ڕاستەوخۆ بیر لە سروشتی یاری تۆپی پێ بکەینەوە کە تۆپی پێ لە هیچ سەردەمێکدا نە دەکرێ تەنها هێرشبەری بێت نە تەنها بەرگری، بۆیە سەرەتا بە شێوەیەکی سادە و ئاسان دەتوانین بڵێین بە دڵنیاییەوە ئەو قسەیە ڕاست نییە کە دەگوترێت تۆپی پێ لە ڕابردودا بەرگری بوە ئێستا هێرشبەرییە.

بۆ سەلماندنی ئەوەش من یەک دوو نمونە باس دەکەم .

بۆ نمونە ئەگەر سەیرێکی تۆپی پێی ئێستا بکەین کە فشارکردن تێیدا بەشێکی گەورەیە، لێرەدا فشارکردن خۆی کردارێکی بەرگرییە، چونکە تیپ لە پێناوی وەرگرتنەوەی تۆپدا ئەنجامی دەدات ئەوکاتەی کە تۆپی لا نییە، بەڵام جیاوازییەکە ئەوەیە ئێستا تیپەکان لە هێڵەکانی ناوەڕاست و هێرشبردندا ئەو بەرگرییە ئەنجام دەدەن، هەرچەندە لە ڕابردوشدا فشارکردن هەبوە بەڵام زیاتر لە هێڵی بەرگریدا بوە.

لە لایەکی ترەوە ئێستا کاتێک تیپەکان تۆپ لە دەست دەدەن زۆر بە خێرایی بە هەر یازدە یاریزانەکەوە دەکەونە بەرگریکردن،

یان کە ڕونتر قسە بکەین چۆن دەکرێ بڵێین لە ڕابردودا تۆپی پێ بەرگری بوە، ئێستا هێرشبەرییە، ئایا لە ڕابردودا دوو تیپ کە دژ بە یەک یارییان کردوە هەردوکیان لە بەرگری وەستاون !؟ بێ گومان نەخێر وەک باسمان کرد تۆپی پێ لەوەتەی دروست بوە لە بەرگریکردن و هێرشبردن پێکهاتوە تیپ ئەو کاتەی تۆپی لا بوە هەوڵی هێرشبردنی داوە، ئەو کاتەش تۆپی لا نەبوە بەرگریکردوە، بەڵکو ئەوەی هەیە تەنها شێوازی یاریکردن هەم لە بەرگریکردن هەم لە هێرشبردندا گۆڕانکاری بەسەردا هاتوە، ئەگەر نا هەرگیز یارییەک لە مێژودا نەبوە هەردوو تیپ تەنها بەرگری بکەن.