جیاوازی نێوان تۆپی پێی ئێستا و ڕابردوو

PM:07:23:10/01/2023
6644 جار خوێندراوەتەوە
ئەحمەد هێرۆیی
+ -

لەم سەردەمەی ئێستادا تاکتیک ئاڵۆزتر بووە بەڵام تێگەیشتنی یاریزانیش فراوانتر بووە و چارەسەری تاکتیکی بۆ یاریزانی ئەم سەردەمە زۆر زیاتر بووە. جاران تاکتیک سادەتر بوو بەڵام تێگەیشتنی یاریزان و چارەسەری تاکتیکش کەمتر و بەرتەسکتر بووە. بەڵام بۆ یاریزانی هاوشێوەی ڕۆناڵدینهۆ،مێسی،پیلێ،زێدان، مارادۆنا، سەردەم ڕۆڵ نابینێت لە هەر سەردەمەێکدا بوایەن وەکوو ئێستا دەبوون، چوونکە ئەوانە تێگەیشتیان بۆ یارییەکە هەیە وەکوو دیاردەیەکی گشتگیر، بەڵام گەشەکردنی تۆپی پێ لە ڕووی تاکتیکی و هونەرییەوە خزمەتی ئەو یاریزانانەی کردووە کە ئەو تێگەیشتنە گشتگیرەیان بۆ تۆپی پێ نیە.

جاران بە چاودێری تاکی مان تو مان بەرگری دەکرا بەرامبەر مارادۆنا، بەڵام تیپی ئەرجەنتینیش بەشێوەیەکی تاکییانەتر یاری دەکرد.

کاتێک مان تو مان چاودێری دەکرا مارادۆناش هەمووکاتێک یاریزانی لەگەڵ نەبووە بۆ ئەوەی یەک و دوو بکات لەگەڵیان. بەڵام ئێستا بەرامبەر مێسی مان تو مان بکە مێسی پێنج شەش هەڵبژاردنی هەیە بۆ ئەوەی تۆپەکە بکاتە پاس و وەریبگرێتەوە، جاران مارادۆنا بۆ چارەسەرکردنی ئەو دۆخە دەبوو پشت بە خۆی ببەستێت، بەڵام ئێستا مێسی زۆرن ئەوانەی کە یارمەتی دەدەن. مەبەستم لەوەیە کە تاکتیک ئاڵۆز بووە بەڵام چارەسەرەکانیش زیاتر بوون، جاران تاکتیک سادە بوو بەڵام چارەسەریش کەم بوو. واتە دەتوانین بڵێین قورسیەکە بۆ یاریزانانی ئێستاو ڕابردوو وەکوو یەک دێتەوە.

تەکنەلۆجیا لەم سەردەمە زۆر بەهێزە و یاریزان وەکوو بوکەڵە مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت. کرۆیڤ بە پاکەت جگەرەی دەکێشا و مەشق و ڕاهێنانیان وەکوو ئێستا نەبوو، بۆیە ستەمە بەراوردیان بکەیت لە زۆر شتدا، بەلام کە کردیشت ناکرێت یەکێک خراپ دەرخەیت و ئەویتر باش. یاریزانی هەر سەردەمێک تایبەندمەندی خۆی هەیە. بۆنموونە ناکرێت ڕەخنە لە بۆفۆن بگریت کە تەکنیکی پاسدانی باش نیە و بڵێیت نۆیەر باشترە چونکە تەکنیکی پاسدانی باشترە. سەردەمی بۆفۆن گۆڵپارێز تەنیا لەگەڵ ڕاهێنەری گۆڵپارێزدا مەشقیان دەکرد، بەڵام گۆڵپارێزی ئەم سەردەمە لە ٩٠ خولەکی مەشقکردندا٦٠ خولەک لەگەڵ یاریزانەکانیتر مەشقی پاسدان و یاری دەکات و بەجیا نیە.