جەماوەری وەرزشی و ڕەخنەو فشارە پێشوەختەکان
PM:05:45:20/11/2022
4820 جار خوێندراوەتەوە
ئومێد محەمەد پیرۆت
+
-
زۆرجار هاندەران بەگشتی،
بەهۆی فشارو ناڕەزایەتیەکانیانەوە لەسەر کەموکورتیەکان، ڕەخنەکانیان بەهەند وەردەگیرێن
لەسەر یانەکەیان، ئەوەش بەهۆی خۆشەویستی یانەی شارەکەیانە بۆ جەماوەرو هاندەرانیان،
چونکە هەمیشە پشتیوانیەکی بەهێزی یانەکان؛هاندەران
و جەماوەرەکەیانەو کۆڵەکەیەکی گرنگی هێزو ورەیانن لەناو یاریگاکاندا.
لەزۆرکاتدا ڕەخنەکان لەجێی خۆیانن کە جەماوەری وەرزشی یانەیەک،
یان تیپێک دەیگرن بۆ باشتر بوون و بەرەو پێشترچوونی تیپەکەیان، ئەوە لەزۆربەی وڵاتان
بوونی هەیەو زۆرجار یاریزانان و ڕاهێنەران دەکەونە بەر ڕەخنەی توندی جەماوەرەکەیان
لەساتی شکست و بەرەو دواچوونی تیپەکەیان، ڕەخنەو بۆچوونەکانیشیان بەهەند وەردەگیرێن
بەهۆی فشاری زۆر، هەندێک جاریش فشاری هاندەران و جەماوەری یانەکە، گۆڕانکاری گەورەو
بەرچاو بەدوای خۆیدا دەهێنێت، جا چ لە دەستەی یانەکەدا بێت یان ڕاهێنەران یان تەنانەت
لەگرێبەستی باشترو هێنانی یاریزانی باشتر.. بەڵام گرنگە جەماوەری وەرزشی هەریانەیەک
خۆیان بەدووربگرن لە بڕیاری پێشوەختە، بۆنمونە تەنها وەرزێک تەواو نەبووە یان چەند
یاریەک ئەنجامدراوە، بە نسبەت یانەکەیانەوە، بڕیار لە ڕۆیشتنی ڕاهێنەر بدرێت، یان
گۆڕین لەهەیکەلی یانەکەدا.
بۆ هەموو ڕاهێنەرێک ماوەیەک
و مۆڵەتێک پێویستە، تا تیپەکەی ڕێک دەخاتەوە، کاتێک خول دەست پێدەکات، پێویستە هاندەران ئارام لەسەر کەم و کورتیەکان
بگرن تا تیپەکەیان دەگاتە نیوەی ئەو وەرزەی کە ڕاهێنەر لەدەستپێکی کارەکانیدا
ئامانجگەلێکی دیاریکردووەو، پلانی خۆی بۆ
سەرکەوتنی یانەکە داڕشتووە، ئینجا بێن ڕاو بۆچونەکانیان لەسەر گۆڕین، یان نەگۆڕین
دەر ببڕن، ئەم بنەمایە بۆ ڕەخنەو فشار دروستکردن بۆ گۆڕین و دورخستنەوەی ڕاهێنەران،
تەنها پێوانە ناکرێت بە یەک دوو یاری یان سێ چوار یاری، با هەر نەبێت یانەکە بگاتە
نیوەی خول؛ ئینجا بێن ڕەخنەو فشارەکانیان بکەن بەکرداری حەقیقی، نەوەک چەند گروپ و
کۆمەڵەیەک بێن بەگشتی کار بۆ لێدانی ڕاهێنەرێک بکەن، جا بەهەر مەرامێک بێت، لە ڕێگەی
خۆیانەوە جەماوەری وەرزشی یانەکە والێبکەن بەگشتی بکەونە تانەوتەشە و فشار
دروستکردن تا ڕاهێنەر یاهەر کەسێک بێت لەیانەکە دور بخرێتەوە، ئەوە بەنسبەت یاریزانانیشەوە
هەر ڕاستە.
هەرکات یانەیەک گەیشتە ئەو
بڕیارەی کە ناتوانێت سود لەتوانای یاریزانێک وەربگرێت ئەوکات خۆیان دەتوانن گرێبەستەکەی
هەڵبوەشێننەوە و گرێبەستی تر لەگەڵ یاریزانی تر بکەن، سەرەڕای ئەوەی یانەکە بەپێی
پڕی و بەتاڵی کیسەی خۆی پێویستە چاوببڕێتە گرێبەستە باشەکان، نەوەک بەپێی دروستکردنی ڕای گشتی و فشاری گەورەلەلایەن
گروپ و هەر کەسێکەوە بێت.
لەکاتێکدا ڕاهێنەر هێشتا
تەواو نەکەوتبێتە ناو گەرمەی کێبڕکێکان و هێشتا نیوەی پلانەکانی جێبەجێ نەکردووەو،
هێشتا داواکاریەکانی بەتەواوی نەگەیشتبێتە خاڵی دڵ ڕازیکردنی خۆی، چۆن بێین بەفڕێدانی
قسە لەسەر گۆڕین یان نەگۆڕینی ڕاهێنەر جەماوەرو شەقامی وەرزشی بەگشتی بورووژێنین؟
هەبۆیە پێویستە جەماوەری
وەرزشی ئارامگرتر بن لەوەی کە یانەیەک بەخێرایی بەرەو شکست و هەڵدێر دەڕوات، چونکە
ئەو ئارامگریە هۆکاری بنەڕەتیە تا یانەکە بە ورەیەکی باشتر بتوانێت کێبڕکێکان ئەنجام
بدات، هەر ئەو ئارامگریە؛ باشتر مۆڵەت بە ڕاهێنەران، یان یاریزانان دەدات تا قەرەبووی
هەڵەکانیان بکەنەوە.
لەکۆتایدا پێویستە هاندەران
و جەماوەر، بەگشتی شەقامی وەرزشی، لەئاستی بەرپرسیاریدا کەم وکورتیەکان ببینن و
فشارەکان دروستبکەن، نەوەک هەر هەڵایەک؛ هەر
گروپێک دروستیانکرد، بۆ دەنگۆی دورخستنەوەو گۆڕانکاری، بێئەوەی باوەڕیان پێی هەبێت
بەدوای بکەون و بیڵێنەوە.
مەهێڵن ئەوگروپ و دەستانەی
ڕەنگاوی ململانێی ناتەندروستیان داوەتەوە لەناو کایەکەدا، بتانکەنە بەشێک لە ڕەنگ
و بۆی خۆیان و، با فشارەکانتان نەکەن بەبەشێک لە پلانەکانی خۆیان .