ئارنۆڵد پێشنیارێکی کردووە بۆ یارییەکەی عێراق لە پاشکۆ

PM:10:00:09/03/2026

148 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئارنۆڵد پێشنیاری کردووە یارییەکەی عێراق لە پاشکۆ هەفتەیەک پێش مۆندیال بکرێت و فیفاش بۆچوونێکی تری هەیە.

هەڵبژاردەی عێراق بۆ کۆتاییهێنان بە دابڕانێکی 40 ساڵە لە یارییەکانی مۆندیال، ڕووبەڕووی قەیرانێکی ئاڵۆز بووەتەوە کە هەڕەشە لە بەشداریکردنی لە یاری پاشکۆی کیشوەری دەکات، کە بڕیارە لە 31ی ئازاری 2026 لە شاری مۆنتێری مەکسیک بەڕێوەبچێت.

بەهۆی بارودۆخی سەربازی و تێکچوونی باری ناوچەکە، ئاسمانی عێراق بەدرێژایی ئەم مانگە بە داخراوی دەمێنێتەوە، ئەمەش وای کردووە زۆربەی یاریزانەکان لە بەغداد گیر بخۆن و گراهام ئارنۆڵدی راهێنەریش لە دوبەی بێت، بێ ئەوەی بتوانن کەمپێکی مەشق و ڕاهێنان ئەنجام بدەن.

بۆ دەربازبوون لەم دۆخە، ئارنۆڵد پێشنیارێکی پێشکەشی فیفا کردووە تا یارییەکە بۆ مانگی حوزەیران و تەنها هەفتەیەک پێش مۆندیال دوابخرێت، چونکە پێی وایە ئەمە کاتی تەواو بە عێراق دەبەخشێت بۆ ئامادەکاری و هەروەها دەرفەت دەداتە فیفا تا بڕیاری کۆتایی لەسەر کشانەوەی ئەگەریی هەڵبژاردەی ئێران بدات، کە لەو حاڵەتەدا عێراق بەپێی ڕیزبەندی ئاسیا ڕاستەوخۆ دەگاتە مۆندیال.

لە بەرامبەردا، فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ فیفا پێشنیاری کردووە کە شاندی هەڵبژاردەی عێراق بە وشکانی بەرەو ئەستەنبوڵ بڕۆن و لەوێوە بە فڕۆکە گەشتەکەیان بۆ ئەمریکا و مەکسیک درێژە پێ بدەن، بەڵام گراهام ئارنۆڵد ئەم پێشنیارەی بە توندی ڕەتکردووەتەوە و ئاماژەی بەوە کردووە کە گەشتێکی وشکانی 24 کاتژمێری لە ژێر ئەم بارودۆخەدا مەترسییەکی گەورەیە بۆ سەر یاریزانەکان.

جگە لە کێشەی گەشتکردن، بابەتی وەرگرتنی ڤیزای ئەمریکا و مەکسیک بۆ ژمارەیەک لە یاریزانەکان بووەتە گرێ کوێرەیەکی تر و ئەرکی یەکێتی تۆپی پێی عێراقی قورستر کردووە.

ئێستا هەموو چاوەکان لەسەر بڕیاری کۆتایی فیفایە تا دیاری بکات ئایا یارییەکە لە کاتی خۆیدا دەکرێت یان ڕەچاوی بارودۆخی نائاسایی شێرەکانی ڕافیدەین دەکرێت بۆ ئەوەی خەونی گەیشتنەوەیان بە جامی جیهانی لەناو نەچێت.