گاڤی: هیوادارم زوو لە پێکانەکەم چاکببمەوە

PM:12:41:29/12/2025

100 جار خوێندراوەتەوە

+ -

گاڤی رایگەیاند هیوادارە زوو لە پێکانەکەی چاکببێتەوە و لەگەڵ بەرشەلۆنە بەشداری پاڵەوانێتییەکان بکات و لەگەڵ ئیسپانیا بەشداریی مۆندیال بکات.

پابلۆ گاڤی یاریزانی ئیسپانی و یانەی بەرشەلۆنە لە لێدوانێکدا بۆ رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ دەڵێت: سەبارەت بە پێکانەکەم هەموو شتێک بەپێی پلان دەڕوات، هیوای ساڵێکی خۆش بۆ بەرشەلۆنە دەخوازم، هیوادارم لەم وەرزەدا هەموو ئەو نازناوانە بەدەستبهێنن کە رکابەری تێدا دەکەن.

وتیشی: ئەوەی بەڕاستی گرنگە بۆ من ئەوەیە کە لەگەڵ تیمەکەدا بم و کارکردن لەسەر چاکبوونەوەی جەستەم بکەم، پابەندم بەو وادەیەی دیارییکرابوو، هەموو شتێکیش بەباشی دەڕوات.

گاڤی ئاماژەی بەوەشکرد، لە ڕووی تیۆریەوە پێویستە لە ماوەی پێنج مانگدا ئامادە بێت بۆ یاریکردن، لەو کاتەوەی کە لە مانگی هەشتەوە تووشی پێکان بووە، زۆر شت فێردەبیت کاتێک تووشی پێکانێکی وەک ئەمانە دەبیت و لە سەرووی هەمووشیانەوە پێویستە سەبرت هەبێت.

دەشڵێت: ئەوەی زۆرترین ئازارم دەدات سەیرکردنی یاری هاوڕێکانمە لە کاتێکدا من ناتوانم یاری بکەم،ئەوان وەرزێکی نایابیان بەسەر بردووە، بەڵام ناتوانین پشوو بدەین، چونکە تا ئێستا هیچ نازناوێک یەکلایی نەکراوەتەوە.

دوپاتیشیکردەوە، تەنها شتێک کە دەیەوێت ئەوەیە کە چاک ببێتەوە و بگەڕێتەوە بۆ یاریکردن لەگەڵ تیپەکەی، هیوادارە لەم وەرزەدا چەندین نازناو بەدەستبهێنن، ئەوەش مانای ئەوە دەگەیەنێت کەوەرزێکی دیکەی نایابیان هەبووە، وەک وەرزی ڕابردوو، هەروەها مۆندیالیش هەیە لەگەڵ ئیسپانیا و هیوادارە ئامادە بێت بۆ بەشداریکردن.