مارتینێز: رۆناڵدۆ شایستەی کارتی سور نەبوو

AM:09:04:14/11/2025

208 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مارتینێز دوپاتیکردەوە دەیانەوێت لە پێناو رۆناڵدۆ یاری داهاتوو ببەنەوە و ئەستێرەکەش شایستەی کارتی سور نەبووە.

پاش شکستهێنانیان بەرامبەر ئێرلەندا، رۆبێرتۆ مارتینیزی راهێنەری هەڵبژاردەی پۆرتوگال رایگەیاند، هۆکاری شکستەکەیان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە بەشێک لە یاریزانە گرنگ و سەرەکییەکانیان یارییان نەکردووە، وەک برونۆ و مێندێش و پیدرۆ نێتۆ.

راهێنەرەکە سەبارەت بەوەی بەرامبەر ئەو هەڵبژاردانەی بە بەرگری یاری دەکەن تووشی کێشە دەبنەوە دوپاتیکردەوە، بابەتەکە بەو جۆرە نییە چونکە بەرامبەر ئەرمینیا پێنج گۆڵیان تۆمارکرد کە بە هەمان شێواز یارییان دەکرد، بەڵام بەرامبەر ئێرلەندا گۆڵیان لێ تۆمارکراوە و ئەرکیان قورس بوو، کرانە دەرەوەی رۆناڵدۆ کارەکەی دوو هێندە لەسەر قورس کردوون و شکستیان هێنا.

لەبارەی ئەوەی بۆ یەکەمین جار لە پاڵاوتنی مۆندیال شکستیان هێنا وتی: زۆر باش بووە چونکە چەندین یاری بەبێ دۆڕان بەسەر ببەین شتێکی سەیرە بە تایبەت لەسەر ئاستی هەڵبژاردەکان، وە ئەمە یەکەم کارتی سووری ڕۆناڵدۆ بوو لە 226 یاری نێودەوڵەتیدا، دەبێت ڕەخنە لە خۆمان بگرین، بەڵام شکست لە چوارچێوەی خۆیدا مانای هەیە، یارییە سەختەکان لە تۆپی پێدا ئاسایین.

لەبارەی کارتە سورەکەی رۆناڵدۆش وتی: یەکەم، ئەو کارتە سورە واتا حەماسەتێکی زۆری هەیە و کاتێک ناباتەوە بێزار دەبێت و ئەوەش ئەوەیە کە ئێمە لە هەموو یاریزانەکانمان دەوێت، دووەم، زۆر قورسە بۆ هێرشبەرێک لەناو بۆکسەکەدا، کاتێک بەرگریکاران بەردەوام فشاری لەسەر دروست دەکەن، وە پێموایە رۆناڵدۆ شایستەی کارتی سور نەبوو.

جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، دەیانەوێت یاری داهاتوو لە پێناو رۆناڵدۆدا ببەنەوە و بگەنە مۆندیال، بۆ ئەوەش تەواوی هەوڵی خۆیان دەدەن لە یاریگای خۆیاندا.