سعودیەکان گەورەترین گرێبەستی مێژوو پێشکەش بە ڤینیسیۆس دەکەن

PM:02:57:18/07/2025

916 جار خوێندراوەتەوە

+ -

سعودییەکان گەورەترین گرێبەستی مێژوویان بەبڕی 350 ملیۆن یۆرۆ بۆ گواستنەوەی ڤینیسیۆس ئامادەکردووە.

لە ماوەی رابردوو چەندین دەنگۆ هەبوون سەبارەت بە چوونی ڤینیسیۆس جونیۆر بۆ خولی سعودیە، بەڵام لە کۆتایدا یاریزانەکە رەتیکردەوە ریاڵ مەدرید بەجێبهێڵێت و جەختی لەسەر ئەوەکردەوە لەگەڵ یانەکەی دەمێنێتەوە، بەڵام لە ئێستادا دووبارە دەنگۆی رۆیشتنی لە مەدرید بڵاوبووەتەوە بە تایبەت پاش ئەوەی داوای بۆ بەرزکردنەوەی موچەکەی رەتکرایەوە.

لەو بارەیەوە پێگەی تاک سپۆرت باسی لەوەکردووە، داهاتووی ڤینیسیۆس ئەگەری هەیە لە دەرەوەی مەدرید بێت، سعودییەکان گرێبەستێکی گەورەی مێژوویان بۆ گواستنەوەی هێرشبەرە بەڕازیلییەکە ئامادەکردووە بەبڕی 350 ملیۆن یۆرۆ و دەیانەوێت بیکەن بە یاریزانی یانەی ئەهلی ئەو وڵاتە.

ئەمەش واتا گەورەترین گرێبەستی مێژووی تۆپی پێ دەبێت، هەر سعودییەکان پێشتر خواستی خۆیان بۆ گواستنەوەی کیلیان مباپێ بە 300 ملیۆن یۆرۆ دەربڕی بەڵام یاریزانەکە ریاڵ مەدریدی بەسەردا هەڵبژاردن.

گرێبەستی سعودییەکان بۆ یاریزانەکە بۆ ماوەی پێنج ساڵ دەبێت و تێیدا هێرشبەرەکە نزیکەی یەک ملیار یۆرۆی پێدەدرێت، بەڵام تاک سپۆرت ئەوەشی باسکردووە ئەگەری زۆرە ڤینیسیۆس ئەم گرێبەستە لە ئێستادا رەتبکاتەوە بەڵام بەرپرسانی وەرزشی وڵاتەکە هیواخوازن لەماوەی سێ ساڵی داهاتوودا وەڵامێکی ئەرێنی لێ وەربگرن و خەونی چوونی ئەستێرەکە بۆ خولی وڵاتەکەیان بەدیبهێنن.