PM:01:10:18/07/2025
740 جار خوێندراوەتەوە
+
-
ئارنۆڵدی راهێنەری عێراق
دوپاتیکردەوە لە هیچ هەڵبژاردەیەک ناترسن و دەیانەوێت خەونی ملیۆنان عێراقی
بەدیبهێنن.
پاش ئەوەی تیروپشکی
پاشکۆی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ جامی جیهانی راکێشرا، هەڵبژاردەی عێراق
کەوتە گرووپێک کە بەرامبەر هەڵبژاردەکانی سعودیە و ئیندۆنیزیا یاریدەکات، لە
ئێستاشدا گراهام ئارنۆڵدی راهێنەری هەڵبژاردەکە باس لە دۆخییان دەکات لە
پاڵاوتنەکە.
راهێنەرە ئوسترالییەکە لە لێدوانێکدا بۆ ماڵپەڕی فیدراسیۆنی
تۆپی پێی عێراق سەبارەت بە تیروپشکەکە، وتی: تا مانگی تشرینی یەکەم لە لوتکەی توانای
جەستەیی و بەرزترین ئاستدا دەبین، دڵخۆشم و شانازی بە پێگەی هەڵبژاردەی عێراقی لە ریزبەندی
نوێی فیفادا دەکەم، لەم ریزبەندییەدا پێگەی ئێمە لە سعودیە و ئیندۆنیزیا بەرزترە، ئێستا کاتی ئەوە هاتووە خۆمان بسەلمێنین.
وتیشی: متمانەم بە یاریزانەکانم هەیە و بەڵێنتان پێدەدەم
تا مانگی تشرینی یەکەم لە لوتکەی ئاستی خۆمان دەبین، لە رووی جەستەیی و دەروونییەوە،
ئێمە ئامادەین بۆ سەرکەوتن لە هەموو یارییەکدا.
لە وەڵامی پرسیارێکدا کە ئایا نیگەرانە لە یاریکردن
بەرامبەر سعودیە، ئارنۆڵد وتی: بەهیچ شێوەیەک نیگەران نیم، سەرنجمان لەسەر ئەوەیە
کە بە پێشەنگی کۆمەڵەکە و سەرکەوین بۆ مۆندیال، باوەڕم وایە ئەمجارە نۆرەی ئێمەیە
و بە هەموو توانای خۆمانەوە شەڕ دەکەین بۆ بەدیهێنانی خەونی ملیۆنان عێراقی و
ناردنی هەڵبژاردەکە بۆ مۆندیال دوای 40 ساڵ لە دوورکەوتنەوە.