PM:11:38:18/06/2025
280 جار خوێندراوەتەوە
+
-
نەیمار دوپاتیکردەوە نزیکبوو پەیوەندی بە فلۆمینێنسی بکات لە پێناو
بەشدارییکردن لە مۆندیالی یانەکان بەڵام مانەوەی لە سانتۆس پێ باشتر بووە.
نەیمار جونیۆر، ئەستێرەی یانەی سانتۆسی بەرازیلی، رایگەیاند،
دەستەوارەیەکی بۆ پەیوەندیکردن بە یەکێک لە یانە بەشداربووەکانی جامی جیهانیی
یانەکان رەتکردووەتەوە، کە ئێستا پاڵەوانێتییەکە لە ئەمریکا بەڕێوەدەچێت.
نەیمار لە لێدوانێکی نوێدا، وتی: نزیک بووم لەوەی پەیوەندی بە
یانەی فلۆمینێنسییەوە بکەم بۆ بەشداریکردن لە جامی جیهانیی یانەکان، ئەوە
دەرفەتێکی جددی بوو.
وتیشی: بڕیارمدا نەڕۆم و پێم باشتربوو لەگەڵ سانتۆس بمێنمەوە بۆ
ئەوەی چاکببمەوە، چونکە هێشتا لەوپەڕی ئامادەیی جەستەییمدا نیم و دەمەوێت لە
نزیکترین کاتدا لە باشترین ئاستی خۆمدا بم.
نەیمار لە کانوونی دووەمی رابردوودا
پەیوەندیی بە یانەی سانتۆسەوە کرد، دوای ئەوەی لە یانەی هیلالی سعودی رۆیشت، کە
وەرز و نیوێکی لەگەڵ یانە سعودییەکە بەسەربرد، پاش گواستنەوەی لە یانەی پاریس
سانجێرمان لە هاوینی 2023.