بەرگریکارێکی بۆکا بەهۆی تۆمەتی کوشتنەوە رێگەی لێدەگیرا بچێتە ئەمریکا

PM:03:35:15/06/2025

232 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بۆکا جونیۆرز کێشەی کۆستای بەرگریکاری کە لە تۆمەتبارە بە دۆسییەکی کوشتن چارەسەرکرد و یاریزانە بەشداری مۆندیالی یانەکان دەکات.

لە رۆژانی رابردوو هەواڵێک بڵاوبوەوە کە بۆکا جونیۆرز و هەموو ئەرجەنتینیەکانی تووشی سەرسوڕمان و توڕە کرد لە سەروبەندی بەشداریکردنی یانەکە لە جامی جیهانی یانەکاندا، لەو کاتەدا دەزگای کۆچبەری ئەمریکا رایگەیاند، بەهۆی ئەوەی تۆمەتبارە بە دۆسیەیەکی کوشتن ڤیزە بە ئایرتۆن کۆستا بەرگریکاری بۆکا نادات.

یانەی بۆکا جونیۆرز ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بەو بڕیارەی دەزگای کۆچبەری ئەمریکا و ڕایگەیاند، بۆ جامی جیهانی یانەکان پێویستیان بەو بەرگریکارە هەیە، دواجار دانوستانەکان سوودی هەبوو، بۆکا راگەیەندراوێکیان بڵاوکردەوە و تێیدا باسیان لەوە کردووە، کۆستا ڤیزایەکی تایبەتی 26 رۆژی وەرگرتووە و دەتوانێت بەشداری یارییەکان بکات.

دەسەڵاتدارانی کۆچبەری ئەمریکا هۆکاری ئەو بڕیارەیان بۆ تێوەگلانی ئەو یاریزانە لە دۆسیەیەکی کوشتن لە ئەرجەنتین گەڕاندەوە، کۆستا تۆمەتبارە بەوەی لە ساڵی 2018 دەستی لە دزییەکی چەکداریدا هەبووە کە تێیدا کەسێک کوژراوە.

بەڵام ئەو یاریزانە لە ئەرجەنتین سزای درێژخایەنی زیندانیکردنی بەسەردا نەسەپێندرا و لە ساڵی 2023 لەلایەن دادگاوە سزای هەڵپەسێردراوی بەسەردا سەپێندرا.

دەسەڵاتدارانی کۆچبەران باسیان لەوە کردبوو، سزای هەڵپەسێردراو جیاوازی نییە لەگەڵ سزای ئاسایی و بەو پێیەی یاریزانەکەی بۆکا هێشتا سزاکەی بەسەر دەبات، بە تاوانبار دادەنرێت و ناتوانێت بچێتە ئەمریکا.

رۆژی دووشەممە بۆکا جونیۆرز یەکەم یاری خۆی لە جامی جیهانی یانەکاندا بەرامبەر بەنفیکا ئەنجام دەدات، ئەم یانەیە لە کۆمەڵەی یەکەمدایە لەگەڵ بەنفیکا و ئۆکلاند سیتی و بایرن میونشن.