کۆنتی: ئەم وەرزە قورسترین وەرزی راهێنەرایەتیمە

AM:10:31:19/05/2025

416 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کۆنتی جەختی لەسەر ئەوە کردەوە ئەم وەرزە قورسترین وەرزیەتی لە ماوەی کاری راهێنەرایەتیدا.
پاش یەکسانبوونیان لەگەڵ پارما، ئەنتۆنیۆ کۆنتی راهێنەری ناپۆلی رایگەیاند، ئەوان نزیکن لە بردنەوەی نازناوی خولی ئیتاڵیا و تەنها یەک هەنگاویان ماوە ئەویش لە یاریگای خۆیان و لە بەردەم هاندەرانیاندا دەینێن.
وتیشی: ئەم وەرزە زۆر سەخت بوو، ئێمە بۆ ماوەیەکی زۆر لە لوتکەی ریزبەندییەکەدا بووین، سەرەڕای وەرزێکی پڕ لە سەختی، بەڵام هەرگیز گلەییمان نەدەکرد و بیانوومان نەدەهێنایەوە، بەردەوام بووین و ئێستا لە لێواری بەدیهێنانی شتێکداین کە بۆ ناپۆلی مەحاڵ و مێژوویی بوو، بردنەوە لەگەڵ ئەم یانەیە تەواو جیاوازە لە بردنەوە لەگەڵ ئەو یانانەی کە ڕاهاتوون بە بردنەوەی جامەکان.
باسی لەوەشکرد، لەم وەرزە چەندینجار شێوازی یاریکردنی خۆی گۆڕیووە چونکە پێکانێکی زۆریان هەبووە، دڵخۆشە یاریزانەکانی لە ئاستی خۆیان زیاتر پێشکەش دەکەن چونکە بە دڵ یاری بۆ یانەکەیان دەکەن.
ئاماژەی بەوەشکرد، ساڵی پێشوو پشووی وەرگرتووە و لەو ماوەیەدا راهێنانی زۆری کردووە و شتی نوێ فێربووە، بێگومانیش ئەم وەرزە قورسترین وەرزی راهێنەرایەتیەتی و تووشی هەوراز و نشێویەکی زۆر بوونەتەوە بەڵام لە کۆتایدا سەرکەوتنیان بەدەستهێناوە ە لە ئێستادا یەک هەنگاو لە بردنەوەی سکۆدێتۆ دوورن.
جەختی لەسەر ئەوەشکردەوە، سەرەڕای ئەوەی لە یاری کۆتایی ئامادە نابێت بەهۆی کارتی سورەوە بەڵام متمانەی تەواوی بە بە یاریزانەکان و ستافی تەکنیکی تیپەکەی هەیە، هۆکاری کرانە دەرەوەشی توڕەبوون بووە لە یانەی پارما کە کاتیان دەکووشت و بە جۆرێک خۆیان پیشان دەدا کە پێکانیان هەیە.