بێلینگهام: ئامانجمان نازناوی جامی جیهانی یانەکانە

PM:06:15:16/05/2025

260 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بێلینگهام دوپاتیکردەوە ئامانجیان ئەوەیە یەکەم یانە بن کە ببنە پاڵەوانی مۆندیالی یانەکان.

جوود بێلینگهامی ئینگلیزی و ئەستێرەی یانەی ریاڵ مەدرید لە لێدوانێکیدا بۆ رۆژنامەی موندۆ دیپۆرتیڤۆ رایگەیاند، لە ریاڵ مەدرید هەموو شتێک ئەگەری رودانی هەیە چونکە بەهێزترینە لە جیهاندا.

بێلینگهام وتی، جامی جیهانی یانەکان دەرفەتێکە بۆ بەدەستهێنانی نازناوێکی جیاواز لەوانەی رابردوو، ئێمە ئامانجمان ئەوەیە کە یەکەم کەس بین نازناوی پاڵەوانێتییە نوێیەکە بەدەستبهێنین.

وتیشی، ئێستا دەرفەتێکی گەورەم لەبەردەمدایە کە لە وڵاتی ئەمریکا یاری بکەم و پێشتر زۆر یاریم تیادا نەکردووە، رووبەڕووی ئەو یانانە دەبمەوە کە زۆر رووبەڕوویان نابمەوە لە وەرزی خولەکاندا.

دەشڵێت، بە دڵنیاییەوە بردنەوەی ئەم نازناوە ئاسان نییە چونکە باشترین یانەکانی جیهان تیایدا بەشدارن، سەرجەم یارییەکانمان نایاب دەبن و گرنگی خۆیان هەیە و بە دڵنیاییەوە ژمارەیەک هاندەری زۆری ئەمریکی پشتگیریمان دەکەن.

ریاڵ مەدرید لە کۆمەڵەی هەشتەمی جامی جیهانی یانەکاندایە کە لە هاوینی ئەمساڵ لە وڵاتی ئەمریکا بەڕێوەدەچێت شانبەشانی یانەکانی هیلالی سعودی و سالزبۆرگی نەمساوی و پاچۆکای مەکسیکی.

خ . ک