خولی ئیسپانیا.. ریاڵ مەدرید بە زەحمەت لە بلباوی بردەوە

AM:12:09:21/04/2025

424 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە خولی ئیسپانیا ریاڵ مەدرید بە زەحمەت و بە گۆڵێکی نایابی ڤاڵڤێردی لە بلباوی بردەوە.

لە یارییەکی هەفتەی 32ـی خولی ئیسپانیا، یانەی ریاڵ مەدرید لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ میوانداری ئەتلەتیک بلباوی کرد.

تایمی یەکەم، یانەی ریاڵ مەدرید بە هێرشبردن دەستیپێکرد، لە بەرامبەردا بلباو بەرگرییەکی بەهێزی دەکرد، بەو هۆیەشەوە لەو تایمەدا گۆڵ بەدی نەکرا و هیچکامیان سەرکەوتوو نەبوون لە هەژاندنی تۆڕی یەکتر.

لە تایمی دووەمدا، ریاڵ مەدرید چەندین هەلی گەورەی دروستکرد، ڤینی گۆڵێکی تۆمارکرد بەڵام بە بیانووی ئۆفسایدەوە رەتکرایەوە، دواتر یارییەکە نزیکبوو لە کۆتایی هاتن، بەڵام ڤاڵڤێردی لە کۆتا خولەکەکان بە لێدانێکی موشەک ئاسا گۆڵی تۆمارکرد و بووە فریادرەسی مێرەنگێ.

سەرەنجام یارییەکە بە گۆڵێکی بێوەڵام کۆتایی هات لە سودی یانەی شاهانە، بەو ئەنجامە ریاڵ مەدرید بە کۆکردنەوەی 69 خاڵ لە پلەی دووەم مایەوە، ئەتلەتیک بلباویش بە 57 خاڵ لە پلەی چوارەم دەبیندرێت.