کۆنتی هەڕەشەی جێهێشتنی ناپۆلی دەکات

PM:05:01:20/04/2025

192 جار خوێندراوەتەوە

+ -

کۆنتی هەڕەشەی جێهێشتنی ناپۆلی دەکات ئەگەر بۆ وەرزی داهاتوو چەند گرێبەستێکی بۆ ئەنجام نەدرێت.

رۆژنامەی لاگازێتا دیللۆ سپۆرتی ئیتاڵی هەواڵێکی چاوەڕوان نەکراوی لەسەر داهاتووی ئەنتۆنیۆ کۆنتی لەگەڵ یانەی ناپۆلی بڵاوکردەوە کە بووەتە هۆکاری دڵەڕاوکێ لای هاندەرانی ئەو یانەیە.

لاگازێتا دوپاتیکردووەتەوە کە کۆنتی هەڕەشەی لە یانەی ناپۆلی کردووە بە جێهێشتنی ئەرکی راهێنەرایەتی ئەو یانەیە ئەگەر داواکارییەکانی جێبەجێ نەکرێن لە ماوەی داهاتوودا.

ئاماژەی بەوەشداوە، راهێنەرە ئیتاڵییەکە لە یاری یانەکەی بەرامبەر مۆنزا هەستی بە نیگەرانی زۆر کردووە بەهۆی خراپی ئاستی یاریزانەکانی و نەبوونی یەدەگی پێویست، جگە لەوەش ئەنجامەکەی وەک سوکایەتییەک بۆ خۆی بینیوە کە بە تەنها گۆڵێک توانیویانە بردنەوە بەدەستبهێنن.

ئاشکرایکردووە کە کۆنتی بڕیاریداوە لە نزیکترین کاتدا لەگەڵ دی لۆرێنتسی سەرۆکی یانەی ناپۆلی کۆببێتەوە و مەرجەکانی خۆی پێبڵێت و ئەگەر قبوڵی نەکرد ئەوا دەست لەکاردەکێشێتەوە.

لە کۆتاییشدا دەڵێت، کێشەی کۆنتی ئەوەیە کە پێکهاتەی بەهێز و چەکی گونجاوی پێنییە تا بتوانێت کێبڕکێی نازناوی ئەم وەرزەی خولی ئیتاڵیا بکات، لە کاتێکدا ئامانجی ئەوەیە دڵی هاندەرانی ناپۆلی خۆشبکات کە لە سەرەتاوە تا ئێستا متمانەیەکی زۆریان پێی هەبووە.

خ . ک