بەرشەلۆنە پلانی گەڕانەوەی مێسی داناوە

PM:05:39:19/03/2025

396 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەرشەلۆنە پلانی گەڕانەوەی مێسی داناوە و دەیەوێت لە دوای مۆندیالی 2026 بیگەڕێنێتەوە.

لە دوای ڕۆیشتنی لە بەرشەلۆنە لە ساڵی 2021 وەکو یاریزانێکی ئازاد، لیۆنێل مێسی بەردەوامە لە درەوشانەوە لەگەڵ هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و یانەی ئینتەر میامی ئەمەش وایكردووە یانەكەی پێشووی هەوڵی گەڕاندنەوەی بدات.

پاش جێهێشتنی بەرشەلۆنە ئەو یاریزانە توانی سەرکردایەتی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بکات بۆ بردنەوەی لە مۆندیالی 2022ی قەتەر و دواتر ڕووی لە خولی ئەمریکا کرد بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی سەرەکی ببینێت لە گەشەکردنی تۆپی پێی ئەمریکا.

لە ئێستاشدا تۆڕی تی ئێن تی سپۆرت باسی لەوەکردووە، بەرشەلۆنە هێشتا نیازی هێنانەوەی ئەو ئەفسانەی ئەرجەنتینییەی هەیە بۆ یانەكە و بەپێی پلان كاری بۆ دەكەن تا لە دوای مۆندیالی 2026 بیگەڕێننەوە.

بەپێی تۆڕەكە یانەكەی كەتەلۆنیا دەیەوێت گەڕانەوەی لیۆنێل مێسی هاوكات بێت لەگەڵ كردنەوەی یاریگای كامپ نۆ كە لە ئێستادا لە قۆناغەكانی كۆتایی نۆژەنكردنەوەیدایە و هێشتا كۆتایی پێنەهاتووە.

تی ئێن تی سپۆرت جەختی لەسەر ئەوەشكردوەتەوە، بەرپرسانی بەرشەلۆنە لەوە ئاگادارن گەڕانەوەی مێسی کارێکی قورس دەبێت، بەڵام لە ئێستاوە پلانیان بۆ ئەو كارە داڕشتووە.