بەرشەلۆنە گرێبەستی یاریگای مۆنجویكی نوێكردەوە

PM:10:46:18/03/2025

216 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بەرشەلۆنە گرێبەستی لەگەڵ شارەوانی واژۆ كرد و تا كۆتایی ئەم وەرزە یاریگای مۆنجویك بەكاردەهێنێت.

مانگ و نیوێک لەمەوبەر یانەی بەرشەلۆنە داواکاریی خۆی پێشکەش بە شارەوانی شارەكەی کرد بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستی بەکارهێنانی یاریگای مۆنجویك کاتێک زانی یاریگای کامپ نۆ تا کۆتایی وەرزی ئێستا ئامادە نابێت، لە ئێستاشدا دواجار ئەم داواکارییە پەسەند کرا و بەرشەلۆنە بە واژۆکردنی گرێبەستێکی نوێ دەتوانێت تا 20ی ئایار ئەم یاریگایە بەکاربهێنێت.

دوایین یاری بەرشەلۆنە لە یاریگای خۆیدا بەرامبەر ڤیاریاڵ دەبێت لە 18ی ئایار، واتە یانەكەی كەتەلۆنیا تا کۆتایی ئەم وەرزە کێشەی نابێت لە یارییەکانی خۆیدا.

لە ڕۆژانی کۆتایی مانگی یەکدا بە ڕاگەیاندنی سەرۆکی بەرشەلۆنە ڕوون بووەوە کە کامپ نوی نوێ لە کاتی خۆیدا ئامادە نابێت و یانەكە دەبێت ئەم وەرزە بە تەواوی لە مۆنجویك بەسەر ببات، بەڵام كێشەی ئەوە لە پێش یانەكەی لاپۆرتا هەبوو كە گرێبەستەكەیان كۆتایی پێدەهات و شارەوانی شارەكەش بەهۆی بوونی كۆنسێرتی گرووپی رۆڵنگ ستۆن ئامادەنەبوون گرێبەستیان لەگەڵ بەرشەلۆنە درێژبكەنەوە.

بەڵام لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕوون بووەوە کە کۆنسێرتەکە ئەنجام نادرێت و لە ئەنجامدا شارەوانی بە بەرشەلۆنەی ڕاگەیاند کە ڕازی دەبێت بە نوێکردنەوەی گرێبەستەکە بۆ بەکارهێنانی مۆنجویك و لە ئێستاشدا بەفەرمی گرێبەستەکە واژۆ کرا نیگەرانییەکانی بەرشەلۆنە سەبارەت بە یاریگای خۆی نەمان.