ئەنفالی یانە کوردییەکان!

PM:05:18:17/03/2025

272 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ئاراس رواندزی

خولی ئەمساڵی بەناو ئەستێرەکانی عیراق زیاتر لە ئەنفالێکی وەرزشی بەرنامە بۆ داڕێژراو دەچێت، یانە کوردستانیەکان بە بەرچاوی دەیان هەزار هاندەرو بینەرو میدیاو بگرە ڤاریش، یەک بە یەک ئەنفال و زیندە بەچاڵ دەکرێن! بەهۆی فیکەی درۆینەو ستەمی بێ ئەندازەی ناوبژیوانان، هیچ تامووچێژو دادپەروەریەک لە خولەکەدا بوونی نەماوە.

دیارە ئەمساڵ لە تەواوی یارییەکانی پریمەر لیگی عیراق ڤار بوونی هەبووە، ئەو سیستەمەش لە وڵاتانی جیهان تا ئەندازەیەکی باش دادپەروەری هێناوەتەوە کایەوە، کەچی لە خولە بێ سەرووبەرەکەی عیراقی حەبیب نەک ئەو ئامانجەی نەپێکاوە، بگرە ڤار بۆتە ئامرازێک بۆ ستەم بە تایبەتیش بەرامبەر یانەکانی کوردستان!

لە ئێستادا باشترین و بەهێزترین چەکی دژبەرانی هەر چوار یانەکەی کوردستان ڤارە، گۆڵی نادروستت بەرامبەر ئەژمار دەکات و پەناڵتی خەیاڵیشت لەسەر دەگرێت، هەر دیمەنێکی گوماناویش لەبەرژەوەندی تیپەکانمان هەبێ، چاوپۆشی لێدەکات و بۆ دووبارە سەیرکردنەوەی ناگەرێتەوە، وەک ئەوەی ڤار تەنها عەرەبی بزانێت، بۆیە تەنها بۆ ئەوان دەکەوێتە کار!

لە هەمووی سەیرتر ناوبژیوانەکان ئەوەندە بێشەرمن بە بەرچاوی جەماوەرو پەخشی راستەخۆی میدیاکان و هەموو جیهان لەبەرژەوەندی چەند یانەیەک گزیکاری دەکەن!

من دڵنیام ئەو کارەیان بە ئەنقەستەو لە ڕوانگەیەکی شۆڤینیانەوە سەرچاوەی گرتووە، خۆ ئەگەر ئەو کارە نەکەن، ئێستا زاخۆ بە ژمارەیەکی باشی خاڵی پێشەنگی پتەوتر کردبوو، دهۆکیش هاوشانی لە رکابەریدا دەبوو، هەرچی نەورۆزو هەولێریشە بە هەمان ئەندازە ستەمیان لێکراوەو بە هۆیەوە دەیان خاڵیان لێ رۆیشتووە، دواترین نمونەی زیندوو یارییەکەی نەورۆز بەرامبەر تەڵەبە بوو.

دیارە من گومانم نیە لەوەی کارەکە بەرنامە بۆ داڕێژراوەو سروشتی نیە، چونکە هەفتە نیە تیری ڤار یانەیەکی کوردستانی نەپێکێت و نەیکاتە قوربانی! باشە چارەسەر چیەو چۆن بتوانین بەرەنگاری ئەو هەموو ستەمە ببینەوە کە بە ناوی ڤارەوە لە چوار یانە کوردییەکە دەکرێت؟ چونکە گەر ئێستا بەری پێنەگیرێ، ئەستەمە زاخۆ کە لەبەردەم دەرفەتێکی مێژوویدایە، بتوانێ لە رکابەری بەدەستهێنانی خولەکەدا بمێنێتەوە، بێگومان دهۆک و هەولێرو نەورۆزیش زیاتر دەهاڕدرێن!

لێرەدا بە پێویستی دەزانم وەک هەنگاوی یەکەم هەر چوار یانەکەی کوردستان یەکدەنگ و یەک هەڵوێستبن و لە رێگەی بەیاننامەیەکەوە بە تووندی دژی ئەو کارە بوەستنەوەو هۆشداری تووندیش بە فیدراسیۆنی تۆپی پێی عیراق بدەن، ئینجا دوای ئەوە پێویستە لە ڕێگەی لیژنەیەکەوە کە نوێنەرانی هەر چوار یانەکە تێیدا ئەندامبن، بەڵگەو گرتەی ڤیدیۆی تەواوی ئەو حاڵەتانە کۆ بکەنەوەو وەک کەیسێکی گەندەڵی پێشکەش بە یەکیەتی تۆپی پێی ئاسیاو جیهانی بکەن، بەهۆی زۆری و ڕوونی بەڵگەکانیش دڵنیام عیراق رووبەڕووی سزا دەبێتەوە، جگە لەوە ناوو ناوبانگی خولەکەشی لەکەدار دەبێت، ئەوکات یان بەخۆیاندا دەچنەوەو لایەنی کەم لە وەرزشدا شۆڤینیەت بەلاوە دەنێن، یانیش هەڵوێستەکەمان تووندتر دەکەین و لەو لیگەیان دەکشێنەوە کە جەماوەری یانەکانی کوردستان لێ دەربکەی، بۆهەر گەڕێک کە هەژدە یارییە، دە هەزار هاندەریان بۆ کۆناکرێتەوە!