سبەینێ چوار یانە گەیشتن بە چارەکی کۆتایی چامپیۆنز لیگ مسۆگەر دەکەن

PM:03:41:10/03/2025

1076 جار خوێندراوەتەوە

+ -

یارییەکانی ئەم وەرزەی چامپیۆنز لیگ لە قۆناغی 16دایە و ئەم هەفتەیە ناسنامەی هەشت یانەی گەیشتوو بە قۆناغی چارەکی کۆتایی ئاشکرادەکرێن

سێشەممە چەند یارییەکی گەڕانەوەی قۆناغی 16 بەڕێوەدەچن و لە کاتژمێر هەشت و 45 خولەکدا، یانەی بەرشەلۆنەی ئیسپانی لە یاریگای خۆیدا میوانداری یانەی بەنفیکای پورتوگالی دەکات

بەرشەلۆنە کە لە یاری چووندا بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردنەوەی بەدەستهێنابوو، بە هەموو بردنەوە و یەکسانبوونێک لەگەڵ شکستهێنان بە گۆڵێک و بردنەوە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان دەگاتە قۆناغی چارەکی کۆتایی بەڵام شکست بەجیاوازی گۆڵێک و دواتر دۆڕان بە لێدانی یەکلاکەرەوە یان شکست بە جیاوازی دوو گۆڵ یان زیاتر ئەوا ماڵئاوایی دەکات.

لە بەرامبەردا بەنفیکا ئەرکی قورسە بۆ گەیشتن بە قۆناغی چارەکی کۆتایی چونکە پێویستی بە بردنەوەیە بە جیاوازی دوو گۆڵ یان زیاتر، یان جیاوازی گۆڵێک و دواتر بردنەوە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان، لە ئەگەری هەموو یەکسانبوون و شکستێکیشدا ماڵئاواییدەکات

لە هەمان شەودا بەڵام لە کاتژمێر 11، یانەی لیڤەرپوڵی ئینگلیزی لە یاریگای خۆیدا میوانداری یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی دەکات.

لەم یارییەدا ئەگەرەکانی لیڤەرپوڵ زیاترن بۆ گەیشتن بە قۆناغی چارەکی کۆتایی بەهۆی ئەوەی لە یاری چووندا کە لە فەرەنسا بەڕێوەچوو بە گۆڵێکی بێبەرامبەر بردنەوەی بەدەستهێنا.

لە بەرامبەردا، پاریس ئەرکی قورسە و دەبێت لە یاریگای ئانفێڵد بە جیاوازی دوو گۆڵ یارییەکە بباتەوە یان جیاوازی گۆڵێک و دواتر بردنەوە بە لێدانی یەکلاکەرەوە تا بگاتە قۆناغی داهاتوو.

لە یارییەکی تریشدا، یانەی بایرن میونشنی ئەڵمانی کە لە یاری چووندا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر بردنەوەی بەسەر بایەر لیڤەرکوزنی هاونیشتمانی بەدەستهێنابوو لە دەرەوەی یاریگای دەبێتە میوانی ئەو یانەیە و بە ڕێژەیەکی زۆر نزیکە لە گەیشتن بە قۆناغی داهاتوو

لە هەمان کاتدا، یانەی ئینتەر میلانی ئیتاڵی لە یاریگای خۆیدا میوانداری فاینۆرد رۆتەردامی هۆڵەندی دەکات و ئەگەری گەیشتنی بە قۆناغی چارەکی کۆتایی زیاترە دوای ئەوەی یاری چوونی بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر بردووەتەوە.

خ . ک