خولی ئیسپانیا.. ئەتلەتیکۆ بە یەکسانبوون دیارییەکی بە ریاڵ مەدرید بەخشی

PM:08:36:25/01/2025

512 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە خولی ئیسپانیا ئەتلەتیکۆ دیارییەکی دیکەی بە ریاڵ مەدرید بەخشی و بەرامبەر ڤیاریاڵ بە گۆڵێک یەکسانبوو.

لە یارییەکی هەفتەی 21ـی خولی ئیسپانیا یانەی ئەتلەتیکۆ مەدرید لە یاریگای خۆی و لە بەردەم هاندەرانیدا میوانداری ڤیاریاڵی کرد.

تایمی یەکەم، یارییەکی بەهێز لە لایەن هەردوولا بەدیکرا و لە خولەکی 29 جیرارد مۆرینۆ گۆڵی یەکەمی ڤیاریاڵی بە لێدانی سزا تۆمارکرد.

لە تایمی دووەم، یانەی میوان هەوڵی پارێزگاری لە ئەنجامی یارییەکەدا، بەڵام بە دیاریکراوی لە خولەکی 58 لینۆ ئەنجامەکەی هێنایەوە خاڵی دەستپێک، ئەتلەتیکۆ بەدوای ریمۆنتادا وێڵبوو بەڵام ناوبژیوان فیکەی کۆتایی لێدا.

سەرەنجام یارییەکە بە گۆڵێک و بە یەکسانیی کۆتایی هات و رۆخیبلانکۆس دیارییەکەی دیکەی بە ریاڵ مەدرید بەخشی تا پێگەی خۆی لە پێشەنگدا بەهێزتر بکات.

بەو ئەنجامە ئەتلەتیکۆ مدرید خاوەنی 45 خاڵە و لە پلەی دووەم دەبیندرێت ڤیاریاڵیش بە 34 خاڵ پلەی پێنجەمی گرتووە.
بیلال کاکە