مباپێ خەونی منداڵێکی نەخۆشی بەدیهێنا

PM:06:43:22/01/2025

136 جار خوێندراوەتەوە

+ -

مباپێ خەونی منداڵێکی نەخۆش بەدیدەهێنێت و بانگهێشتی یاری پێشووی ریاڵ مەدریدی کردبوو.

لە هەفتەی رابردوودا، لۆرینزۆ کە منداڵێکی فەرەنسیە و بە دەست نەخۆشی مێشکەوە دەناڵێنێت لە گرتەیەکی ڤیدۆییدا رایگەیاند خەونی ئەوەیە لە نزیکەوە چاوی بە کیلیان مباپێ بکەوێت.

رۆژنامەی مارکا ئاشكرایکردووە، دوای ئەوەی مباپێ گرتە ڤیدۆییەکەی بینیوە دەستبەجێ پەیوەندی بە کەس و کاری ئەو منداڵەوە دەکات و بانگهێشتیان دەکات تا ئامادەی یارییەکی ریاڵ مەدرید بن.

ئاماژەی بەوەشداوە، ئەو منداڵە لە یاریەکەی ریاڵ مەدرید بەرامبەر لاس پالماس لە یاریگادا ئامادەیی هەبوو، دواتریش مباپێ چووەتە لای و لەگەڵ چەند یاریزانێکیتری یانەی شاهانە وێنەیان لەگەڵدا گرتووە، جگە لەوەش بەڵێنیداوە تێچووی چارەسەری نەخۆشیەکەی لەئەستۆ بگرێت.

یاریزانە فەرەنسیەکە دواتر رایگەیاند، لۆرینزۆ منداڵێکی تایبەتە و لە ژیاندا زۆر شتی گرنگتر هەیە لە تۆپی پێ، سوپاسی ریاڵ مەدرید دەکات کە دەرفەتی ئەوەیان پێداوە ئەو منداڵە ئامادەیی هەبێت لە یاریگای سانتیاگۆ بێرنابیۆ، دڵخۆشە چونکە ئاواتێکی ئەو منداڵەی بەدیهێناوە.

خ . ک