PM:11:26:10/01/2025
1124 جار خوێندراوەتەوە
+
-
مێسی و
یاریزانەکانی دیکەی ئینتەر میامی پێنج یاری دۆستانە دەکەن بۆ ئامادەکاری وەرزی 2025.
یانەی ئینتەر میامی کە لیۆنێل مێسی
سەرکردایەتی دەکات، پلانەکانی خۆی بۆ ماوەی ئامادەکارییەکانی وەرزی 2025 ئاشکرا
کرد کە سێ یاری لە پیرۆ و پەنەما و هندۆراس لەخۆدەگرێت، ئەمە جگە لە دوو یاری لە ئەمریکا
کە پێشتر ڕاگەیەندرابوو.
لە یەکەم یاری دۆستانە مێسی و لویس سوارێز و
هاوڕێکانیان لە ئینتەر میامی لە 18ـی یەک بەرامبەر ئەمریکا کڵەب لە لاس ڤێگاس لە ویلایەتی
نیڤادا لە ئەمریکا یاری دەکەن.
دواتر تیپەکە گەشت دەکات بۆ وڵاتی پیرۆ و لە 29ـی
ئەم مانگە لە یاریگای مۆنۆمێنتاڵ لە شاری لیما ڕووبەڕووی یانەی یونێڤێرسیتاریۆ دی
دیپۆرتێس دەبێتەوە.
وێستگەی داهاتووی ئینتەر میامی پەنەما دەبێت،
ڕۆژی 2ـی شوبات لە یاریگای ڕۆمێل فێرناندێز گوتیرێز لە شاری پەنەما سیتی ڕووبەڕووی
یانەی سپۆرتینگ سان میگێلیتۆ دەبێتەوە.
یانەکەی لیۆ مێسی دوایین یاری خۆی لە دەرەوەی
ئەمریکا لە ماوەی ئامادەکارییەکان لە هندۆراس ئەنجام دەدات، کە تیایدا لە 8ـی مانگی
داهاتوو لە یاریگای میترۆپۆلیتانۆ دی سان پێدرۆ سولا ڕووبەڕووی یانەی دیپۆرتیڤۆ ئۆڵۆمپیا
دەبێتەوە.
لە کۆتاییدا ئینتەر میامی کۆتایی بە ئامادەکارییەکانی
خۆی بۆ وەرزی 2025 دەهێنێت بە یارییەک بەرامبەر ئۆرلاندۆ سیتی لە 14ـی
شوبات لە یاریگای ڕیمۆند جەیمس لە ویلایەتی فلۆریدای ئەمریکا.
بیلال کاکە