ریاڵ مەدرید ئەستیرەیەکی لیڤەرکوزنی دەوێت

PM:01:48:11/11/2024

340 جار خوێندراوەتەوە

+ -

ریاڵ مەدرید دەیەوێت تا لە لیڤەرکوزن بگوازێتەوە و هێڵی بەرگری یانەکەی بەهێنانی ئەو یاریزانە بەهێزتر بکات.

تۆڕی ریلیڤیۆی ئیسپانی ئاماژەی بەوەکردووە بەرپرسانی یانەی شاهانە چەندین ناوی بەرگریکار لەسەر مێزی گواستنەوەیان داناوە، بەڵام یانەکە دەیانەوێت یاریزانێک بگوازنەوە بۆماوەیەکی زۆر خزمەتی یانەکەیان بکات.

سەرچاوەکە ئەوەی راگەیاندووە جۆناسان تای یەکێکە لەو یاریزانانەی یانەکە بەجدی هەوڵی گواستنەوەی دەدات، چونکە لەگەڵ لیڤەرکوزن ئاستێکی باش پێشکەش دەکات و لەهەمان کاتدا خواستی جێهێشتنی یانە ئەڵمانییەکەی هەیە.

ئەوەی جێگەی سەرنجە گرێبەستی بەرگریکارە ئەڵمانییەکە لە حوزەیرانی ساڵی داهاتوو کۆتایی پێدێت و تاوەکوو ئێستا هیچ ئاماژەیەک نییە بۆ نوێکردنەوەی ماوەکەی.

لەهەمان کاتدا رۆژنامەکانی ئەڵمانیا ئەوەیان راگەیاندووە ئەگەر جۆناسان تای گرێبەستەکەی نوێ نەکاتەوە یانەکەی لەگواستنەوەی زستانەدا بەهەر نرخێک بێت دەستبەرداری دەبن، چونکە نایانەوێت لە حوزەیرانی داهاتوو بە خۆڕای لیڤەرکوزن بەجێبهێڵێت.

بەرگریکارە 28 ساڵانەکە لەگەڵ یانە ئەڵمانییەکە بەشداری 370 یاری کردووە و لەماوەیەدا توانیوێتی 15 گۆڵ و 12 ئەسیست تۆماربکات و ئاستێکی باش پێشکەش بکات.