هالاند ژمارەیەکی رۆناڵدۆی یەکسان کردەوە

PM:08:20:22/09/2024

116 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هالاند ژمارەیەکی پێوانەیی رۆناڵدۆی یەکسان کردەوە و بووە دووەم یاریزان بە 105 یاری بگاتە 100 گۆڵ.

یاری لوتکەی نێوان مانچستەر سیتی و ئارسناڵ رووداوی جۆراوجۆری لێکەوتەوە، یەکێکیش لەوانە یەکسانکردنەوەی ژمارەیەکی پێوانەی رۆناڵدۆ بوو لە لایەن هالاندەوە.

ئێرلینگ هالاند لە یارییەکەدا لە خولەکی نۆ بە ئەسیستی ساڤیۆ گۆڵێکی تۆمار کرد و ژمارەی گۆڵەکانی لەگەڵ مانچستەر سیتی گەیاندە 100 گۆڵ لە 105 یاریدا، بەمەش ژمارە پێوانەییەکەی رۆنالدۆی یەکسانکردەوە.

پێشتر کریستیانۆ رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی ریاڵ مەدرید توانی لە 105 یاریدا بگاتە هەمان ژمارە، ئەو ژمارەیەش کەمترین ماوەیە یاریزانێک بتوانێت 100 گۆڵی تیادا تۆمار بکات، بەڵام ئێستا هالاند هاوشانیەتی و خاوەنی هەمان ژمارە پێوانەییە.

هالاند لەگەڵ مان سیتی خاوەنی حەوت نازناوە، گرنگترینیان چامپیۆنز لیگە، هەروەها خەڵاتی باشترین یاریزانی ئەوروپای بۆ ساڵی 2023 بەدەستهێناوە، ئەمە جگە لە پێڵاوی زێڕینی پریمەر لیگ لە وەرزی 2022 بۆ 2023.