خولی ئینگلتەرا.. مان سیتی و ئارسناڵ یەکسانبوون

PM:08:55:22/09/2024

204 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە خولی ئینگلتەرا یانەی مانچستەر سیتی لە دواسات گەڕایەوە و بە دوو گۆڵ بەرامبەر ئارسناڵ یەکسانبوو.

یانەی مانچستەر سیتی و ئارسناڵ لە یاریگای ئیتیحاد یاری لوتکەی هەفتەی پێنجەمی پریمەر لیگیان ئەنجامدا.

تایمی یەکەم، لە خولەکی نۆ ئێرلینگ هالاند بە ئەسیستی ساڤیۆ گۆڵی پێشکەوتنی سیتیزنی تۆمارکرد، بەڵام گورزێکی کوشندە بەر سیتی کەوت دوای ئەوەی رۆدری بەهۆی پێکانەوە یاریگای جێهێشت.

دوای یەک خولەک ریکاردۆ کالافیۆری بە گۆڵێکی نایاب ئەنجامەکەی بۆ تۆپ هاوێژەکان یەکسانکردەوە و لە خولەکی 45یش گابرێل گۆڵی پێشکەوتنی بۆ ئارسناڵ تۆمارکرد، بەڵام سێ خولەک دوای ئەو گۆڵە ترۆسارد بە کارتی سور کرایە دەرەوە.

لە تایمی دووەم، سیتی هەموو هەوڵێکی خستەگەڕ تا سود لە کەمی یاریزانانی یانەی میوان وەربگرێت و ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە، تا لە دواسات و لە خولەکی حەوتی کاتی زیادکراودا جۆن ستۆنز گۆڵی یەکسانی نوسییەوە.

سەرەنجام یارییەکە بە یەکسانبوون بە دوو گۆڵ کۆتایی هات و مان سیتی بە 13 خال پێشەنگی گرت، ئارسناڵیش پلەی چوارەمە بە 11 خاڵ.