ئەمشەو یانەیەک دەگاتە یاری کۆتایی چامپیۆنز لیگ

AM:08:39:07/05/2024

232 جار خوێندراوەتەوە

+ -

پاریس سان جێرمان و بروسیا دۆرتمۆند یەکێکیان ماڵئاوایی لە چامپیۆنز لیگ دەکات و ئەوی تریان دەگاتە یاری کۆتایی.

سێشەممە لە یاری گەڕانەوەی قۆناغی پێش کۆتایی چامپیۆنز لیگدا، یانەی پاریس سان جێرمانی فەرەنسی لە یاریگای باخچەی شازادەکان میوانداری یانەی بروسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی دەکات و دەیەوێت تۆڵەی یاری رابردووی لێبکاتەوە.

ئەو دوو یانەیە لە مێژوودا 7 جار رووبەڕووی یەکبونەتەوە، هەریەکەیان لە دوو یاریدا براوە بووە و لە سێ یاریشدا یەکسانبوون، پاریس سان جێرمان 7 گۆڵی تۆمارکردووە بەرامبەر پێنج گۆڵی بروسیا دۆرتمۆند.

یانە فەرەنسیەکە لەم یاریەدا پێویستی بە بردنەوەیە بە جیاوازی دوو گۆڵ یان جیاوازی یەک گۆڵ و بردنەوە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان تا بگاتە یاری کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.

لە بەرامبەردا، بروسیا دۆرتمۆند ئەگەرەکانی سەرکەوتنی بۆ یاری کۆتایی زیاترە، چونکە بە هەموو بردنەوە و یەکسانبوونێک یان شکست بە گۆڵێک و بردنەوە بە لێدانە یەکلاکەرەوەکان ئەو ئامانجەی بەدەستدەهێنێت.

یانەی پاریس سان جێرمان لە مێژوویدا یەک جار گەیشتووەتە یاری کۆتایی چامپیۆنز لیگ ئەویش لە وەرزی 2019 بۆ 2020دا بووە و پلەی دووەمی بەدەستهێنا دوای شکست بەرامبەر بایرن میونشن، ئامانجی ئەوەیە لەم وەرزەدا ئەو خەونەی بە دی بهێنێت و نازناوەکە بباتەوە.

لە بەرامبەردا، بروسیا دۆرتمۆند لە مێژوودا 22 جار بەشداری چامپیۆنز لیگی کردووە و دوو جار گەیشتووەتە یاری کۆتایی، نازناوێکی بەدەستهێناوە کە لە وەرزی 1996 بۆ 1997دا بووە دوای بردنەوەی لە یۆڤانتۆس بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک.

یانەکەی پایتەخی فەرەنسا دەیەوێت بە پشتگیری هاندەران و یاریگای خۆی و بوونی کیلیان مباپێ گەیشتن بە یاری کۆتایی مسۆگەر بکات کە لە یاریگای ویمبڵی لە لەندەن بەڕێوەدەچێت بەڵام ئەو ئەرکە ئاسان نابێت چونکە لە یاری چووندا تووشی شکستبوون.

خ . ک