پیکێ و کۆمپانیاکەی لە کێشەدان

PM:11:36:23/04/2024

208 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هەژماری بانکی کۆمپانیاکەی پیکێ بلۆک کراوە و تۆمەتبارە بە بەرتیل وەرگرت لە گواستنەوەی جامی سوپەری ئیسپانیا بۆ سعودییە.

تۆمەتەکانی جیرارد پیکێ کە پەیوەندییان بە گەندەڵی داراییەوە هەیە، جددیتر بوون و بە فەرمانی دادوەرێکی دادگا لە ئیسپانیا، هەژماری بانکی کۆمپانیاکەی پیکێ بەهۆی دانانی بڕە پارەیەکی گوماناوییەوە بلۆک کرا.

دادگایەک لە ئیسپانیا پێداچوونەوە بەو گرێبەستەدا دەکات کە بۆ میوانداریکردنی جامی سوپەری ئیسپانیا لە سعودیە واژۆ کراوە، لە درێژەی ئەم دۆسیەیەدا، هەژماری بانکی کۆمپانیای کۆسمۆس فۆتبۆڵ کە خاوەنەکەی جیرارد پیکێیە، بلۆک کرا، دادگاکە باس لەوە دەکات کە کۆمپانیایەکی سعودی بە ناوی سێلا پارەی خستۆتە سەر حسابی کۆمپانیای پایک و لە ڕوونکردنەوەکەیدا ئاماژەی بە دەستەواژەی کۆمیسیۆنی سەرکەوتن کردووە، دادگاکەش ئەم پارانە بە گومانی بەرتیلدان زانیووە.

کۆمپانیای کۆسمۆس بە ڕۆژنامەی مارکای ڕاگەیاندووە، ئەو کارەی ئەمڕۆی دادگا ڕێکارێکی خۆپارێزییە و تا ئێستا نە جیرارد پیکێ و نە کۆمپانیای کۆسمۆس بانگهێشتی دادگا نەکراون، ئەوان بە مارکایان ڕاگەیاندووە کە هیچ بەڵگەیەک لە دژی کۆمپانیاکە و خاوەنەکەی جیرارد پیکێ لەم دۆسیەیەدا نییە.