لاوتارۆ چی وت دوای ئەوەی بوونە پاڵەوانی خولی ئیتاڵیا؟

AM:10:45:23/04/2024

204 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لاوتارۆ دوپاتیکردەوە ئازاری زۆریان چەشتووە و شایستەی ئەو دڵخۆشیەن و هیواداریشە لەگەڵ یانەکەی بگاتە رێککەوتن.

لاوتارۆ مارتینێزی هێرشبەری ئینتەر میلان دوای ئەوەی یانەکەی بووە پاڵەوانی ئەم وەرزەی خولی ئیتاڵیا دوپاتیکردەوە کە هەستێکی سەیری هەبووە کە وای لێکردووە بە گریانەوە خۆشیەکانی دەرببڕێت.

لاوتارۆ دەڵێت، یانەکەیان کاری گەورەیان ئەنجامداوە لەم وەرزەدا و پێشتریش ئازاری زۆریان چەشتووە، ئێستاش شایستەی ئەوەن بەو شێوەیە دڵخۆش بن و دەری ببڕن.

ئاماژەی بەوەشدا، ئەم نازناوە تەرخان دەکات بۆ خێزانەکەی و مناڵەکان و هاندەرانی یانەکەی، لە تۆپی پێدا هەندێک جار شکست دەهێنیت بەڵام دواتر دەگەیتە بە خەونەکانت.

رونیشیکردەوە، شەوی رابردوو خۆشیەکەمان دوو هێندە بوو بەهۆی بردنەوەی نازناوەکە و دواتریش بردنەوە لە میلان، چونکە یەکەمجارە لە دێربیدا نازناوی خول یەکلابکەنەوە.

دەشڵێت، نازناو ژمارە 20 بۆ یانەکەی لە مێژووی خولی ئیتاڵیا شایەنی ئەوەیە بە باشی ستیاش بکرێت و دەبێت لەسەر ئە رێگایە بەردەوام بن و جارێکی دیکەش نازناوەکە ببەنەوە، بەدەستهێنانی ئەستێرەی دووەم ئێمەی کردە مێژووی یانەکە.

لەسەر نوێکردنەوەی گرێبەستەکەشی دوپاتیکردەوە کە هیوادارە لەگەڵ یانەکەی بگاتە رێککەوتن بەڵام لە ئێستادا دەیەوێت چێژ لە بردنەوەی نازناوەکە وەربگرێت.

خ . ک