سەردار ئیسماعیل هێرشی کردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکان

PM:08:30:05/04/2023

1440 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە کاتی یاریەکەی هەولێر و نەفتی میسان سەردار ئیسماعیل هێرشی کردووەتە سەر هێزە ئەمنییەکان.

لە کاتی ئەنجامدانی یاری نێوان هەولێر و نەفتی میسان لە خولی نایابی عێراق لە یاریگای فرانسۆ هەریری سەردار ئیسماعیلی بەڕێوەبەری وەرزش و لاوانی هەرێمی کوردستان کە باڵاترین پۆستی وەرزشیە لە یاریگاکەدا ئامادەیی دەبێت.

لە گرتەیەکی ڤیدیۆییدا کە بڵاوبوتەوە و کاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێناوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دەردەکەوێت سەردار ئیسماعیل کە بەرپرسێکی پارتیە رووبەڕووی هێزە ئەمنییەکان دەبێتەوە و هێرشی کردووەتە سەریان.

بە پێی وتەی شایەتحاڵەکان، کێشەکە لەوەوە سەری هەڵداوە کە برایەکی سەردار ئیسماعیل پەیوەندی پێوە دەکات و داوای چوونە ژورەوەی لێکردووە بۆ بەشی ڤی ئای پی و لە دەرەوەی یاریگاکە رێگای نادەن بچێتە ژوورەوە.

لە کاتی هەوڵدان بۆ چوونە ژوورەوە براکەی سەردار ئیسماعیل لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان بەشەڕ دێت و دواتر ناوبراو دەچێتە دەرەوە و لەگەڵ هێزە ئەمنییەکان تووشی دەمەقاڵێ دەبێت و هێرشیان دەکاتە سەر.

دوای روداوەکەش سەردار ئیسماعیل یاریگاکە جێدەهێڵێت و لە دوای بڵاوبونەوەی ڤیدیۆیەکە تا ئێستاش هیچ لایەک روونکردنەوەی لەسەر روداوەکە نەداوە.

خ . ک