دی یۆنگ لەگەل بەرشەلۆنە گەشتی کردووە

PM:09:55:16/07/2022

524 جار خوێندراوەتەوە

+ -

دى یۆنگ لە شاندى یانەى بەرشەلۆنەدایە بۆ گەشتە وەرزشیەکەى ئەمریکا و پێنج یاریزانیش دوورخرانەوە.

چاڤى هێرناندێزى ڕاهێنەرى یانەى بەرشەلۆنەى ئیسپانى لیستى یاریزانە بانگهێشتکراوەکانى بۆ گەشتە وەرزشیەکەى ئەمریکا ڕاگەیاند، بەمەبەستى ئامادەکارى بۆ وەرزى نوێى 2022 بۆ 2023.

چاڤى هەریەکە لە مارتن برایسوایت و ئۆسکار مینگوێزا و ساموێل ئۆمتیتى و ڕیکى پوچ و نیتۆى دوورخستووەتەوە، کە هەموویان لە دەرەوەى پرۆژەکەى ڕاهێنەردان و دەبێت لەم هاوینەدا یاریگاى کامپ نۆ بەجێبهێڵن.

فرینکى دى یۆنگ لە نێوان یاریزانە بانگهێشتکراوەکاندایە، هەرچەندە پێشتر دەنگۆى ئەوە هەبوو لە گەشتە وەرزشیەکە دووردەخرێتەوە، گەر ڕازى نەبێت پەیوەندی بە یانەى مانچستەر یونایتدى ئینگلیزییەوە بکات.

ڕاپۆرتە ڕۆژنامەنوسیەکان باس لەوەدەکەن، شەیتانە سورەکە ماوەیەکە هەوڵى گواستنەوەى دى یۆنگ دەدات، بەڵام یاریزانە هۆڵەندیەکە ئارەزووى مانەوە دەکات و ئەمەش پێچەوانەى ویستى یانەکەیەتى، کە بەرشەلۆنە دەیەوێت لە پێناو بڕە پارەیەکى باشدا دەستبەردارى بێت.