چیرۆکى بێ هیوایى گۆڵە سەرنجڕاکێشەکەى ماتیۆ میسى

PM:08:21:02/07/2022

7420 جار خوێندراوەتەوە

+ -

لە نێوان ڕاستى و خەیاڵدا

چیرۆکى بێ هیوایى گۆڵە سەرنجڕاکێشەکەى ماتیۆ میسى لەگەڵ پاریس سان جێرمان

کاتێک نەوەى گرنگترین و لێهاتووترین یاریزانى تۆپى پێى بیت، ئەوا بەشێوەیەکى ئاسایى منداڵێکى بەناوبانگ دەبیت، ئەمەش ئێستا بەسەر منداڵەکانى لیۆنێل میسى ئەرجەنتینى یاریزانى یانەى پاریس سان جێرماندا ڕوویداوە، کە تیاگۆ و ماتیۆ و چیرۆن.

هەمووان بەدواى هەواڵى منداڵەکانى میسییەوەن و زۆربەیان دەیانەوێت بزانن بەرەوپێشچوونیان لە دونیاى تۆپى پێدا چۆنە و کامیان توخمە گەورەکەى باوکیان هەڵگرتووە.

وەڵامەکەش وادەردەکەوێت و ڕۆژ لە دواى ڕۆژ دووپاتدەبێتەوە کە ماتیۆ میسى جێگرەوەى چاوەڕوانکراوى لیۆنێلى باوکى بێت.

منداڵە ناوەنجیەکەى میسى بەهرەمەندیەکەى بەرەوپێشەوەچووە و لە ئێستادا لە یاریکردنى بە تۆپ لە باخچەى پشتەوەى ماڵەکەیانەوە گۆڕاوە بۆ یاریزانێکى ئاستبەرز لە تیپى حەوت ساڵانى یانەى پاریس سان جێرمان.

زۆر کەس گۆڵى یەکەمى ماتیۆیان بینى بەدرێسى یانە پاریسیەکەوە، کە گۆڵێکى ئاسایى نەبوو، بەڵکو کۆپییەکى کاربۆنى گۆڵەکانى باوکى بوو لە یاریگادا، کە ماتیۆ تۆپەکە وەردەرێت و دواتر هەموو ڕکابەرەکانى دەبڕێت و بە لێدانێکى بەهێز تۆپەکە دەکاتە گۆڵەکەوە.

ئەوەى گۆڵەکەى بینیبێت هەست بە یەک شت دەکات، ئەویش لێکچوونێکى زۆرە لە شێوەى یاریکردنى ماتیۆ لەگەڵ میسى باوکیدا، سەرەتا لە بەکارهێنانى پێى چەپیەوە، کە جیاوازییەکى زۆرى نییە، دواتر تێپەڕبوونى بە بڕینە خێراییەکەى و جوڵەى جەستەى هەر وەک باوکى.

گرتە ڤیدیۆکە ملیۆنان بینەرى تێپەڕاندووە لە تۆڕە کۆمەڵایەتیە جیاوازەکاندا و ناوەڕۆکى زۆربەى کۆمێنتەکانیش لەسەر بەراوردکردنى ماتیۆ و لیۆ بوون.

شتێکى لەناکاو ڕوویدا، کە خاوەنى ئەو گۆڵە سەرنجڕاکێشە ماتیۆى کوڕى میسى نییە؟!

بەڵێ هەر وەک ئەوەى گوێتان لێ بوو، دەوترێت ئەو منداڵەى گۆڵە سەرنجڕاکێشەکە تۆماردەکات کوڕەکەى میسى نییە

ئەى ئەو منداڵە کێیە؟

سەیرى گرتە ڤیدیۆکە دەکەینەوە، کە بە کوالیتییەکى باش بڵاونەکراوەتەوە و بەڕوونى ڕوخسارى ماتیۆ دەرناکەوێت.

هاوکات ماتیۆ لە ڤیدیۆکانى پێشتریدا بە پێى ڕاست یارى بە تۆپ دەکات و باوکیشى پێشتر ئەوەى ئاشکراکردووە، کە سەرجەم منداڵەکانى بەپێى ڕاست یارى دەکەن.

ئەمەش وایکرد کەسانى تایبەتمەند لێکۆڵینەوە لە ڤیدیۆکە بکەن بۆ زانینى ناسنامەى ئەو منداڵە، ئەنجامەکەش ئاشکرایکرد، کە ئەو منداڵە ناوى (ئیزیکیل لاچ)ە و ڕێکەوتى ڤیدیۆکەش بۆ 2012 دەگەڕێتەوە و ئەوەشى جێگەى تێڕامانە منداڵەکە نەبووەتە یاریزانێکى پیشەگەرى تۆپى پێ.

ئیزیکیل لاچ لە تویتێکدا لە تۆڕى کۆمەڵایەتى تویتەر دواى بڵاوبوونەوەى گۆڵە سەرنجڕاکێشەکەى 10 ساڵ لەمەو پێشى دەڵێت "بەلاى منەوە ئەوە پیاهەڵدانە کاتێک واهەستدەکەن ئەو کوڕە ماتیۆیە، کاتێک لە کاتەکان ئاشکراى دەکەم، کە بۆ چى نەبووم بە یاریزانێکى پیشەگەر".

ئەمە گریمانەى یەکەم بوو، بەڵام گریمانەى دووەم مانونى کابرۆناتى ڕۆژنامەنوسى ئەرجەنتینى ئاشکرایکرد، کە وتى ئەو منداڵە لە ڤیدیۆکەدا (ڕەیان بونیدا)یە، کە ئەو کات لە تیپى منداڵانى یانەى ئەدەرلەختى بەلجیکیدا بووە و ئێستا یارى بۆ تازەپێگەیشتوانى یانەى ئەیاکسى هۆڵەندى دەکات و ئازارى ڕابردوو بە 700 هەزار یۆرۆ گواستیەوە ڕیزەکانى.

لە کۆتاییدا گەر خاوەنى گۆڵە سەرنجڕاکێشەکە ئیزیکیل یان بونیدا بێت، بەڵام ماتیۆ میسى هێشتا زۆر کاتى لەبەردامدایە بۆ دەرکەوتنى لەبەردەم هاندەرانى تۆپى پێدا و چاوەڕێى گرتەى ڤیدیۆیى ڕاستەقینەى ماتیۆى جێگرەوەى لیۆنێل میسى دەکەین.

گ . ف