هۆکاری هەڵوەشانەوەی گرێبەستی گێهی بۆ لیڤەرپوول چی بوو؟

PM:11:24:01/09/2025

160 جار خوێندراوەتەوە

+ -

گرێبەستی گێهی لە لێواری واژۆکردن هەڵوەشایەوە و یاریزانەکە لە کریستاڵ پاڵاس دەمێنێتەوە.

بە گوێرەی زانیارییەکەنای فابریزیۆ رۆمانۆ، گێهی بەرگریکاری کریستاڵ پاڵاس، لە لێواری پەیوەندییکردن بوو بە یانەی لیڤەرپوول، یاریزانەکە و رێدز لەسەر هەموو وردەکارییەکان رێیککەوتنیان ئەنجامدا.

دوابەدوای رێککەوتن، بەرگریکارە ئینگلیزییەکە لە بارەگای لیڤەرپوول پشکنینی پزیشکی ئەنجامدا و تەنیا واژۆکردنی گرێبەستەکەی مابوو، بەڵام لە کۆتا خولەکەکان کریستاڵ پاڵاس پەشیمانبوونەوەی خۆی راگەیاند.

بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆمانۆ، ئۆلیڤێر گلاسنەری راهێنەری کریستاڵ پاڵاس بە سەرۆکی یانەکەی راگەیاندووە، ئەگەر گرێبەستی گێهی لەگەڵ لیڤەر بوو بە فەرمی، راستەوخۆ دەستلەکارکێشانەوە رادەگەیەنێت، چونکە رکابەرییکردن دوای فرۆشتنی ئەستێرەکان ناکرێت.

ئەمە لە کاتێکدایە، کریستاڵ پاڵاس وەرزی رابردوو توانی جامی یەکێتی ئینگلتەرا بەدەستبهێنێت، لەم گواستنەوەی هاوینەش پارێزگاری لە زۆربەی ئەستێرەکان کرد، جگە لە ئێبێرێ ئیزێ کە روویکردە یانەی ئارسناڵ.