سەردێڕ:

زیندانییەکی سیاسی کورد بە نهێنی لە سێدارە دراوە

PM:11:15:19/12/2021

8992 جار خوێندراوەتەوە

رێکخراوی هەنگاو رایگەیاند، بە نهێنی سزای سێدارە بەسەر بەندکراوێکی سیاسی کورد لە بەندیخانەی ناوەندی شاری سنە جێبەجێکرا.


ئەمڕۆ یەکشەممە، رێکخراوی مافی مرڤی هەنگاو راگەیەنراوێکی بڵاویکردەوە، بەگوێرەی راپۆرتی گەیشتوو کاتژمێر ٤ی بەرەبەیانی رۆژی یەکشەممە ١٩ی کانونی یەکەمی ٢٠٢١، بە نهێنی سزای سێدارە بەسەر حەیدەر قوربانی، بەندکراوی سیاسی کورد، خەڵکی کامێران لە بەندیخانەی ناوەندیی شاری سنە جێبەجێکرا.

ئاماژەی بەوەشداوە، پەیوەندییە گشتییەکانی دەزگای دادی پارێزگای سنە بە بڵاوکردنەوەی راگەیەنراوێک هەواڵی لەسێدارەدانی "حەیدەر قوربانی" بە فەرمی پشتڕاستکردووەتەوە.

بە گوێرەی راگەیەنراوەکەی رێکخراوی هەنگاو، حەسەن قوربانی برای "حەیدەر قوربانی" پێشتر بە رێکخراوەکەی راگەیاندبوو، "ئێمە بە پێی ماددەی ٤٧٧ داوامان لە دیوانی بەرز کردبوو کە سەپاندنی سزای سێدارە بە سەر "حەیدەر قوربانی" پێچەوانەی شەرع و پێجەوانەی یاسا بووە و ئەوانیش دۆسیەکەیان بە مەبەستی پێداچوونەوە گەڕاندبووەوە بۆ دادگوستەری شاری سنە".

دەشڵێت، "من ڕۆژی دووشەممە چوومەتە دادگوستەری سنە و ئەوانیش وتوویانە ئێمە داواکاری ئێوەمان رەدکردووەتەوە و سزای لەسێدارەدانی حەیدەر قوربانی بۆ ناوەندی جێبەجێکردنی سزاکان لە کامێران بەڕێکراوە".

ئەمە لەکاتێکدایە، حەیدەر قوربانی ١٦ی تشرینی یەکەم ٢٠١٦ لەگەڵ برایەکی خێزانیدا بە ناوی " مەحمود سادقی" لە ماڵەکەیدا دەستبەسەر کرابوون، بۆ ماوەی چەندین مانگ لە ژووری تاکەکەسیدا و بە وتەی کەسە نزیکەکانیان لە ژێر توندترین ئەشکەنجەی جەستەیی و رۆحیدا بوون و لە ئاکامدا حەیدەر قوربانییان ناچار کرد کە لە کەناڵی ئینگلیزی زمانی پرێس تیڤی بە زۆرەملێ دانپێدانان بکات.

حەیدەر قوربانی مانگی کانونی دووەمی ٢٠٢١ لەلایەن لقی یەکەمی دادگای شۆڕشی سنە بە سەرۆکایەتی دادوەر سەعیدی بە تۆمەتی "بەغی – هەڵگەڕانەوە" و "هاوکاری و ئەندامێتی لە حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران" سزای سێدارەی بەسەردا سەپا و سزاکەش لە ٢٨ی کانونی دووەمی ٢٠٢١ بە فەرمی لە بەندیخانەی سنە بە حەیدەر قوربانی راگەیەنرا.













گەلەری