سەردێڕ:

هەولێر؛ بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە منداڵێک گیانی لەدەستدا

PM:12:43:02/11/2024

9328 جار خوێندراوەتەوە

بەگوێرەی زانیارییەکانی ئێن ئاڕ تی، لە ناحیەی شەمامک سەر بە هەولێر سەگ پەلاماری منداڵێکی داوە و بەهۆیەوە گیانی لەدەستداوە.


ئەمڕۆ شەممە، پەیامنێری ئێن ئاڕ تی باسی لەوە کرد، دوێنێ لە ناحیەی شەمامک سەر بە هەولێر سەگ پەلاماری منداڵێکی داوە و دوای بردنە نەخۆشخانە منداڵەکە گیانی لەدەستداوە.


ئاماژەی بەوەش کرد، منداڵەکە تەمەنی ١٠ ساڵە و بە رەگەز عەرەبە.

لە مانگی پێنجی ئەمساڵیشدا، بەهۆی پەلاماردانی سەگەوە لە هەولێر لەماوەی دوو رۆژدا دوو کەس گیانیان لەدەستدا، کە یەکیان پیاوێکی تەمەن ٢٨ ساڵ و ئەوەی دیکەشیان گەنجێکی تەمەن ١٧ ساڵ بوو.

بوونی سەگی بێلانە لە گەڕەک و کۆڵانەکانی شارە جیاوازەکانی هەرێم گرفتی بۆ هاوڵاتییان دروستکردووە و هاوڵاتییان باس لەوەدەکەن، ناتوانن بە ئاسوودەیی بە رێگادا بڕۆن لە زۆر شوێندا سگی بێلانەیان لێپەیدا دەبێت، یاخود منداڵەکانیان بە ئاسوودەیی ناتوانێت لە دەرەوەی ماڵدا یاری بکات. لە هەندێک گەڕەکیشدا کە ماڵەکان پەلەوەڕ بەخێودەکەن، چەندین جاری رووبەڕووی پەلاماردانی سەگ بوونەتەوە و چەندین پەلەوەریان لێخنکاندوون یاخود خواردوون.

دیاردەی پەلاماردان و گەستنی منداڵان و گەورەکانیش لەلایەن سەگی بێلانەوە ماوەی چەند ساڵێکە رووی لە زیادبوون کردووە و چەندین کەسیش هەر بەو هۆیەوە گیانیان لەدەستداوە، تاوەکو ئێستاش حکومەتی کاربەڕێکەر چارەسەرێکی جددی بۆ ئەو پرسە دانەناوە و هیچ هەنگاوێکی کرداریی جددی نەناوە بۆ ئەو مەبەستە، رۆژ بە رۆژیش بوونی سەگی بێلانە لە کۆڵانەکانی ناوشارەکاندا روو لە زیادبوونن و مەترسی بۆسەر هاوڵاتییان دروست دەکەن.

هێرش قادر- هەولێر













گەلەری

‌بەپەلە